بانکی ناوەندی رێنمایی نوێی لەبارەی شێوازی مامەڵەکردن بە دۆلار دەرکرد

بانکی ناوەندیی عێراق
بانکی ناوەندیی عێراق

K24 - هەولێر

بانکی ناوەندیی عێراق ناوی ئەو شوێنانەی بڵاوکردەوە کە دەتوانن لە ساڵی 2024ـەوە حەواڵەی دەرەوەیان بە دۆلاری نەختینەیی وەربگرن. دەشڵێت، بە پێی بڕیارەکانى ئەنجوومەنى وەزیران؛ "نابێت مامەڵە نێوخۆییەکان بە دراوى بیانى بکرێن".

درەنگانی شەوی یەکشەممە، 31-12-2023، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ناوی ئەو شوێنانەی دیاریکرد کە لە رۆژی سێشەممە، 02-01-2024ـەوە دەتوانن حەواڵەی دەرەوەیان بە دۆلاری نەختینەیی وەربگرن. بانکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم بڕیارەیان بەمەبەستی جێبەجێکردنی سیاسەتی نەختینەیی و توانای بانکەکان بۆ دابینکردنی پێویستیی کڕیاران لە دراوی بیانی دەرکردووە.

بانكى ناوەندیى عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە پێی بڕیارەکانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق؛ بۆ ئەوەى متمانە بە دینارى عێراقى زیاتر بێت، نابێت مامەڵە نێوخۆییەکان بە دراوى بیانى بکرێن.

ئەو شوێنانەى حەواڵەى دەرەکى دەیانگرێتەوە:

1. نێردە دیپلۆماسییەکان و، ئەو رێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییانەی لە عێراق کاردەکەن.

2. ئەو رێکخراوانەى کۆمەڵگەى مەدەنیى ناحکومى کە لە ئەمیندارێتیی گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق تۆمارکراون، بەو مەرجەی لایەنى پارەدەرى ئەو رێکخراوانە حەواڵەکەیان بۆ عێراق لە ناوخۆی عێراقدا بە دۆلار بدرێت.

3. ئەو گرێبەستە حکومییانەى بە دۆلارى ئەمریکى کراون و، ئەو گرێبەستە بەردەوامانەی پەیوەنداریدارن بە قەرز، کۆمەک و رێککەوتنە دەرەکییەکان.

4. سەدا 40ـی ئەو حەواڵانەى کە دەچنە عێراقەوە لە رێگەى ئەو هەناردەکارە عێراقییانەى هەناردەکردنیان بۆ دەرەوە هەیە.

وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، بانکەکان ناتوانن بەبێ رەزامەندی هاووڵاتی، ئەو پارەیەی لە دەرەوە بە دۆلار بۆی حەواڵە کراوە، بۆ دینار بگۆڕێت.

 بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق، جگە لەو شوێنانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێ دراوە، هەروەها رێگە بە بانکەکان دەدرێت دۆلارى حەواڵەکراو بۆ عێراق بە شێوەى "نەختینە" بدەنە ئەو کڕیارانەی کە بۆیان حەواڵەکراوە لەو بڕە پارانەى کە لە بانکەکان هەیە، ئەمەش بەپێی رێککەوتن لەنێوان کڕیار و بانکەکە.