لە عێراق هاووڵاتییەک بە تەقەی خۆشی هاتنی ساڵی نوێ گیانی لەدەستدا

پێشوازیی سەری ساڵی نوێی زایینی لە بەغدا
پێشوازیی سەری ساڵی نوێی زایینی لە بەغدا

K24 - هەولێر

148 هاووڵاتیی عێراقی لە شەوی سەری ساڵی نوێی زایینی، بەهۆی تەقەی خۆشی و یارییە ئاگرینەکانەوە، برینداربوون و یەکێکیشیان گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 01-01-2024، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، شەوی رابردوو، (یەکشەممە، 31-12-2023)، هاووڵاتییەک لە ئەنجامی تەقەی خۆشی هاتنی ساڵی نوێی زایینی (2024) گیانی لەدەستداوە و 17 هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی یارییە ئاگرینەکانی شەوی سەری ساڵ 132 هاووڵاتی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی یەکشەممە، 31-12-2023، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی (2024)؛ لە عێراق، هەرێمی کوردستان و زۆرینەی وڵاتانی جیهان، ئاهەنگ و چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون.

 ساڵانە لە وڵاتان بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێی زایینی، دەیان هەزار تۆن یارییە ئاگرینەکان بەکاردەهێندرێن و لە بەشێکی وڵاتانیش، هاووڵاتییان بەم بۆنەیەوە تەقەی خۆشی دەکەن کە زۆر جار قوربانی لێکەوتووەتەوە. 

لەناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، لە شەوی سەری ساڵی نوێ 10 تیمی پزیشکی لە ئەرکدا بوونە و لەکاتی ئاهەنگ و رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ تیمەکانیان پێشوازیان لە 54 حاڵەتی جۆراوجۆر کردووە، کە برینداربوونە و لەلایەن تیمەکانیان چارەسەری پێویستیان پێدراوە.