مەحموود عگێلی: سوودانی لە نێوان ناڵ و بزماردایە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ئەمینداری گشتی حزبی ئوممە، بەداخەوە جارێکی دیکە لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکانەوە، دەستدرێژی دەکرێتەوە سەر پارێزگای هەولێر، دەشڵێت: پێویستە لەسەر سوودانی و هێزەکان کە ئەو تاوانبارانە بگرن و داداگاییان بکەن.

مەحموود عگێلی، ئەمینداری گشتی حزبی ئوممە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەداخەوە جارێکی دیکە لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکانەوە، دەستدرێژی دەکرێتەوە سەر پارێزگای هەولێر، کە سەیر دەکەی بەردەوام ئەو هێرشانە دووبارە دەبنەوە و هەروەها دامەزراوە و فڕۆکەخانەی هەریر بە ئامانج دەگرن.

عگێلی گوتیشی: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چەند جارێک دووبارەی کردووەتەوە کە چارەسەری ئەو تاوانبارە لەیاسا دەرچووانە دەکەن، کە هەڕەشەن لەسەر ئەمن و ئاسایشی کوردستان، بۆیە پێویستە لەسەر سوودانی و هێزەکانی عێراق، ئەو تاوانبارانە بگرن و داداگاییان بکەن، بۆ ئەوەی خوێنی خەڵکی ئێمە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەفیڕۆ نەچێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دۆخە کاریگەری لەسەر ئابووری و بڕیارە سیاسییەکان کردووە، ئەو گرووپە تاوانبارانە هەڕەشەن بۆسەر هەموو ئەو لایەنانەی کە لە بەرامبەرییاندا وەستاون، گوتیشی: گرووپەکان دەڵێن ئێمە بەهێزین و تانکمان هەیە، دەفەرموون ئەوە باڵیۆزخانە و بنکەیان هەیە لە عێراق بڕۆن دەریان بکەن، بۆ هێرش دەکەنە سەرخەڵکی بێتاوان لە هەولێر، بۆیە دەڵێم سوودانی بەرپرسە لە بەهەدەر نەچوونی خوێنی عێراقییەکان.

بەگوتەی ئەمینداری گشتی حزبی ئوممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی بەدیاریکراوی هاوبەشی سیاسیین لە عێراق و پێویستە ئەمە بپارێزرێت، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆلێکی گرنگی هەیە، بۆیە سوودانی لە نێوان "ناڵ و بزمار"دایە دەبێت کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپانە بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا و باشووری عێراق و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات کە بە فیتەی ئێران کار دەکەن.

راشیگەیاند، پێویستبوو ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارێکی دەرکردبوایە، دەربارەی ئەو هێرش و کردەوانەی کە لە زۆرێک لە پاریزگاکانی عێراق ئەنجامی دەدەن، کە بوونەتە هەڕەشە لەسەر ئەمن و ئاسایشی عێراق.

شەوی شەممە، 30/12/2023، کاتژمێر 11:45 خولەک؛ بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە".

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکێدا لەبارەی هێرشکەوە رایگەیاند: "نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین. بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم".

مەسرور بارزانی داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی کرد "بە کردەوە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی  بۆ هێرش بەکار دەهێنرێن".