کۆمیسیۆن: لە سێ رۆژدا وەڵامی هەموو تانەکان رەوانەی دەستەی دادوەری دەکەین

هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق

K24 - هەولێر

کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، کۆمەڵەی یەکەمی وەڵامی تانەکانیان رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن کردووە و لە ماوەی سێ رۆژی داهاتوودا وەڵامی هەموو تانەکان رەوانەی دەستەکە دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 01-01-2023، عەلی فەیسەڵ، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوێنێ یەکشەممە، 31-12-2023، کۆمەڵە (وەجبە)ـی یەکەمی وەڵامی سکاڵاکانی دژ بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیان رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن کردووە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن، 329 سکاڵا لەلایەن حزب و لایەنە سیاسییەکانەوە لە دژی کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکراون و پێشبینی دەکەن "لە ماوەی سێ رۆژی داهاتوودا" وەڵامی هەموو سکاڵاکان بدەنەوە و رەوانەی دەستەی دادوەری بکەن.

ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەرکی هەڵبژاردنى پارێزگار، چاودێکریکردنى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکانیان و پەسندکردنی پارەى پڕۆژەکانی پارێزگاکانیان لە ئەستۆ دەگرێت.

رۆژی پێنجشەممە، 28-12-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی راگەیاند. بە گوێرەی ئەنجامەکان، لە بەغدا هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا؛ لە بەسرا هاوپەیمانی تەسمیم؛ لە دیالە هاوپەیمانی دیالەتونا؛ لە سەڵاحەددین جەماهیری نیشتمانی و لە ئەنبار هاوپەیمانی تەقەدووم زۆترین ژمارەی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

ژمارەی کورسی حزبە کوردییەکانیش لەو پارێزگایانەی کورسییان بەدەستهێناوە، بەم شێوەیەیە:

کەرکووک:

- پارتی: دوو کورسی

- هاوپەیمانی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە (یەکێتی لەنێویدایە): پێنج کورسی

نەینەوا:

- پارتی: چوار کورسی

- یەکێتی: دوو کورسی

دیالە:

- یەکێتی: یەک کورسی


رۆژی شەممە، 30-12-2023، بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان سکاڵای فەرمی لە بەغدا، لە دژی  کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمار کرد. هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، تێبینی زۆریان لەسەر کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە بەتایبەت هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا هەیە و، دڵنیان رێژەی دەنگەکانیان زۆر زیاترە لەوەی راگەیەندراوە، بۆیە سکاڵایان تۆمارکردووە.

سەر لە بەیانیی رۆژی  شەممە، 16-12-2023، هەڵبژاردنی تایبەت و رۆژی دووشەممەش، 18-12-2023، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و، تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو.

دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 19-12-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماری کۆتایی بەشداریی دەنگدەران لە هەردوو هەڵبژاردنی تایبەت و گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئامارەکان، رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکە سەدا 41 بووە؛ زۆرترین رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک (سەدا 66) و کەمترینیشی لە پارێزگای بەغدا/ رەسافە (سەدا 21) بووە.