عێراق لە ریزبەندی سەرووی ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین هێزی چەکداری نایاسایی تێدایە

گرووپێکی چەکدار لە عێراق
گرووپێکی چەکدار لە عێراق

K24 - هەولێر

هێزە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکانی عێراق، سەرەڕای ئەوەی کە بوونەتە بارگرانییەکی گەورە بەسەر ئابووری وڵاتەوە و ساڵانە بە ملیاران دینار لە داهاتی گشتییان بۆ خەرج دەکرێت، لەهەمان کاتدا عێراقیان رووبەڕووی چەندین کێشەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووەتەوە.

 عێراق لە ریزبەندی سەرەوەی ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین هێزی چەکداری نایاسایی تێدایە، ئەو هێزە چەکدارانە هەر لەسەرەتای دروستبوونیانەوە عێراقییان رووبەڕووی چەندین کێشە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووەتەوە.

هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە و پێگەی هاوپەیمانان و، ناردنی درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر هەولێر و شوێنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، وایکردووە هاوپەیمانان بیر لەناوبردنییان بکەنەوە.

هێزە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکانی عێراق لە ژێر دەیان ئاڵا و ناوی جیاجیادا هەن کە ژمارەی چەکدارەکانییان نادیارە، ساڵانە بودجەیەکی زەبەلاحیان لە داهاتی عێراق بۆ خەرج دەکرێت و بە موچەی مانگانە وەریدەگرن، کە هەر بە بەکارهێنانی ئەو بڕە داهاتە، عێراقییان رووبەڕووی چەندین کێشەی گەورە کردووەتەوە.

 ئەو هێزە چەکدارانە بە بوونییان و کردەوەکانییان بوونەتە بارگرانی بەسەر خەڵک و حکومەتەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کردەوەی ئەو هێزە چەکدارانە بە دەستدرێژی تاوانکاری وەسف دەکات، سەرەڕای بوونی ئەو هەموو هێزە چەکدارە لە یاسا دەرچووانە و خەرج کردنی ملیاران دینار لە بودجەی گشتی بۆیان، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق نزیکەی 10 ساڵە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە و بە ملیاران دینار قەرزاری قووتی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە.

لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستووری ساڵی 2005ــی عێراق وەکو هەرێمێکی دەستووری دانیپێدانراوە و هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ھێزە فەرمییەكانی حكومەتی عێراقدایە.

بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا بە لە سەدا 17 دیاریکراوە، هەرچەندە لە ساڵانی رابردووش بڕێکی زۆر کەمتر لەوەی کە دەستوور دیاریکردبوو رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرا، بەڵام لە ساڵی 2014ــەوە بەتەواوی ئەو بەشە بودجەیەی هەرێمی کوردستان بڕدراوە.

 چاودێران و رەخنەگران ئاماژە بەوە دەدەن، چۆن حکومەتی عێراق سەدان ملیار دینار بۆ گرووپی چەکداری نایاسایی تەرخان دەکات، بەڵام ئامادەنییە کە قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بنێرێت؟ کە مافێکی سادەی خۆیانە.