بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە

K24 – هەولێر:

لە هەولێر بەکارهێنانی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا رۆژ بە رۆژ روو لە زیادبوونە، بە تایبەت لە ماڵەکاندا کە ئیدی پشتبەستن بە وزەی پاک بووەتە دیاردەیەکی باو، هەم لەبەر ئەوەی نرخەکەی گونجاوە، هەم بەهۆی ئەوەی بە دۆستی ژینگە ناسراوە و ژینگە پیسناکات.

سەعید سەلیم، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کارەبای مۆلیدەمان هەبوو، ئەمپێرەکەی بەشینەدەکرد زوو زوو سێرکتەکە دەهاتە خوارەوە، زۆر جاریش لەکاتی سێرکت هەڵدانەوەدا ستوونەکانی کارەبا بە کارەبا بارگاوی دەبوون کارەبا لێمانی دەدا، بەهۆی ئەوەی ئێستا سیستەمی سۆلەرمان داناوە کە کارەبامان لە رێگەی وزەی خۆرەوە دەستدەکەوێت، کێشەی کەمی کارەبامان نەماوە".

لەلایەن خۆیەوە، وشیار عوسمان، خاوەنی کۆمپانیایەکی سۆلەر سیستەم گوتی: "لە ئێستادا هاووڵاتییان زیاتر خواستیان لەسەر بەکارهێنانی کارەبایە لە رێگەی وزەی خۆرەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەهەموو شێوەیەک هاوکارمان بووە لە هەندێک بوار، بۆ نموونە ئاسانی مامەڵەکردن لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبا، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت کارەبای زیادە بگەڕێننەوە زۆر بە ئاسانی دەتوانن مامەڵەکانی خۆیان تەواو بکەن لە کەمترین کاتدا".

سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە بە سیستەمی دۆستی ژینگە ناسراوە، لەلایەکی دیکەوە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە داوە، هەروەها ئاسانکارییەکی زۆری بۆ ئەو کۆمپنیایانە کردووە کە کاری فرۆشتنی سۆلەر سیستەم دەکەن.