مەریوان قەرەنی: گرووپە چەکدارەکان لە ناوخۆی عێراق پاڵپشتی دارایی دەکرێن

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت؛ "پارتی له‌گه‌ڵ ئاڵۆزكردنی دۆخی عێراق نییه و قبوڵناکات هەوڵی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان بدرێت". گوتیشی: دەبێت سوودانی چارەسەری ئەو گرووپە چەکدارانە بکات.

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا هەمیشە سەرنجمان لەسەر پێکەوەژیانی و ئاشتی بووە هەمیشە لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکان بووینە لەرێگەی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و هیچ کاتێک لەگەڵ ئاڵۆزکردنی دۆخی عێراق نەبووینە".

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، هاوکات راشیگەیاند، بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناکەین هەندێک لایەن ببنە هۆکار بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان.

مەریوان قەرەنی، ئاماژەی بەوەدا، لە دوای دەسپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و حەماس، هێزێک بە ناوی مقاوەمەی ئیسلامی دروستبووە کە هەمیشە هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا لەسەر داوای حکومەتی ئەو وڵاتانەیە.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە بینیان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق گەیشتنە لێکتێگەشتن بۆ سفرکردنەوەی کێشەکانی نێوانیان، هەربۆیە دەستیان بەو هێرشانە کرد بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییانە تێکبچێت و رێککەوتنەکانی نێوانیان هەڵبوەشێتەوە.

مەریوان قەرەنی، گوتیشی: "ئەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە، لەناو حکومەتی عێراقەوە هاوکاری دەکرێن و لەوێشەوە هاوکاری داراییان بۆ تەرخاندەکرێت، هاوکات ئەو گرووپانە جگە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ تێکدانی سەقامگیری عێراقیش".

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، داوایان لە سوودانی کردووە چارەسەری ئەو دۆخە بکات، چونکە ئەم درۆنانەن لەناو خاکی عێراقەوە ئاراستە دەکرێن. گوتیشی: دەبێت سوودانی کۆتایی بەو گرووپە میلیشیانە بهێنێت.

مەریوان قەرەنی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی عێراق باش دەزانێت ئەو گرووپە میلیشانە کێن و بۆ کێ کاردەکەن، هەروەها ئاگاداری سەرجەم جموجۆڵەکانیانە.

ئەمڕۆ دووشەممە (1ـی کانوونی دووەمی 2024) فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بە توندی ئیدانەی ئەو هێرش و کردەوە تیرۆریستییەی کرد، کە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە باکووری هەولێر کردە ئامانج.

هاوکات فراکسیۆنی پارتی داواشیان لە محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد، کە گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان رابگرێت و رووبەڕووی یاسایان بکاتەوە.