هاووڵاتییەکی بەغدا: ناسەقامگیریی هەرێمی کوردستان واتا ناسەقامگیری عێراق

 هاووڵاتییانی عێراق لە هێرشە درۆنییەكانی گرووپە چەكدارەكان نیگەرانن
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی عێراق ئاماژە بەوە دەدەن، تێکچوونی بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە و هەر کاتێکیش بارودۆخی هەولێر ناسەقامگیر بێت کاریگەری لەسەر شارەکانی دیکەی عێراقیش دەبێت.

گرووپە چەکدارەکان لەنێو خاکی عێراقەوە هێرشی درۆنی دەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.شەوی شەممەش، 30-12-2023، کاتژمێر 11:45 خولەک؛ بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا گوتی، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتووەتەوە.

ئەم گروپانەی حەشدی شەعبی کە ئەم هێرشانە ئەنجامدەدەن، بە نزیک لە ئێران دادەنرێن؛ بەڵام حکومەتی عێراق تا ئێستا هیچ ريکارێکی ئەمنی بەرامبەر ئەو گرووپانە نەگرتووەتەبەر و بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکانی.

هاوڵاتییانی عێراق پێیانوایە، تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە بەرژوەندی ئەواندا نییە و، وەکو خۆیان دەڵێن، "بەردەوامیی ئەم هێرشانە، کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی ئەمنی" وڵاتەکەیان دەبێت.

عەلی ئەحمەد، هاووڵاتییەکی بەغدایە و دەڵێت، "پێموایە، ئەگەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان تێکبچێت، ئەوا کاریگەری لەسەر بەغداش دەبێت. بڕوا بکە ناسەقامگیریی هەرێمی کوردستان واتا ناسەقامگیری عێراق، چونکە ئێمە پەیوەندیمان پێکەوە هەیە و بەیەکەوە گرێ دراوین".

گلەییەکان زیاتر لە حکومەتی عێراقن لەبەر ئەوەی تا ئێستا نەیتوانیوە، ناسنامەی ئەو گرووپانە ئاشکرابکات، داواش دەکرێت لە ڕێگەی پرۆژە یاسایەکەوە لە پەرلەمان، هێرشی ئەو گروپانە بە تاوان بناسێندرێت.

مەحموود عگێلی، سەرۆکی حزبی ئومەی عێراقی بە پێویستی دەزانێت، پەرلەمانی عێراق لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆک، "کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ڕێکبخات و لیژنەی ئاسایش و بەرگری و سەرۆکوەزیرانیش بانگهێشت بکات و بۆ رای گشتی روونبکرێتەوە بۆچی هێرش دەکرێتە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت".

لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری پیرمام، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات هەنگاوی کرداری بنێت بۆ سزادانی ئەو گرووپانە .