د. عەلی تەتەر: کابینەی نۆیەم 932 پڕۆژەی لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجام داوە

"لەمساڵدا گرنگیی تایبەت بە هەردوو کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵ دەدەین"
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

K24 - هەولێر

د. عەلی تەتەر رایدەگەیەنێت، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 932 پڕۆژە جۆراوجۆر لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجامدراون و پڕۆژەکانیان بۆ ساڵی 2024 بەردەوامییان دەبێت. گوتیشی، "لەمساڵدا گرنگیی تایبەت بە هەردوو کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵ دەدەین".

ئەمڕۆ سێشەممە، 02-01-2023، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ژمارەی ئەو پڕۆژە، کار و چالاکییەکانی راگەیاند کە لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگاکە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەنجامدراون.

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، "کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی تەمەنی کارکردنیدا، بە گوژمەی یەک تریلیۆن و 35 ملیار دینار؛ 932 پڕۆژەی جۆراجۆری لە کەرتەکانی رێگاوبان، کارەبا، ئاو، كشتوکاڵ، تەندروستی، پەروەردە ئەنجامداوە. هەروەها مۆڵەتی وەبەرهێنانی داوەتە 65 پڕۆژەی جۆراجۆر کە بە گوژمەی یەک تریلیۆن و 88 ملیار دینار ئەنجامدراون. واتا کۆی گشتی ئەو پڕۆژانەی لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا لە پارێزگاکە ئەنجامدراون، 997 پڕۆژە بوون و بە گوژمەی دوو تریلیۆن و 123 ملیار دینار ئەنجامدراون".  

پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانمان لە ساڵی 2024 بەردەوامییان دەبێت

پارێزگاری دهۆک گوتی، "ئەمڕۆ دەوامی فەرمی دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەت دەستیپێکرد. لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام، رەزامەندیمان لەسەر جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی تەندروستی، رێگاوبان و کشتوکاڵ داوە، بەمزووانە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و پڕۆژەکانمان بەردەوامییان دەبێت".

بە گوتەی ، د. عەلی تەتەر؛ لە ساڵی 2024، ژمارەیەکی دیکەی پڕۆژەی گەورەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای دهۆک دەکرێنەوە و بەردی بناغە بۆ چەند پڕۆژەیەکی دیکەش دادەنێن. ئاماژەی بەوەش کرد، لەمساڵدا گرنگیی تایبەت بە هەردوو کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵ دەدەن.

پارێزگاری دهۆک ئەوەی خستەڕوو، "کەرتی کشتوکاڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک بەرەوپێشچوونێکی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لە بواری زیادبوونی بەرهەمە خۆماڵییەکانی جووتیارانمان و هەناردەکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات؛ لەوانەش (تەحین، سماق، پەتاتە، هەنگوین، برنج و هەنار)". گوتیشی، "تا وەرزی بەهار، کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی لەبواری کشتوکاڵدا ئەوانەی پێشتر بەردی بناغەمان بۆ داناون، دەکرێنەوە".

بە گوتەی پارێزگاری دهۆک، بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاری لە سنووری پارێزگاکە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، دەستیان بە دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر هۆتێلی گەورە لە سنووری ناحیە و قەزاکان کردووە و، "کارەکانی ژمارەیەکی زۆریان لە سنووری قەزای ئامێدی بۆ بەهاری ئەمساڵ تەواو دەبن، دەکرێنەوە و پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن".

هەر لەبارەی گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری، د. عەلی تەتەر ئاماژەی بەوە کرد، "ئاو لە بەنداوی مووسڵ بۆ بەنداوی دهۆک دەگوازینەوە بۆ ئەوەی لەمساڵدا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەشتیارییەکانی دەوروبەری بەنداوی دهۆک بکەین".

پڕۆژەکان سەدان هەلی کاریان رەخساندووە

وەکو ئەوەی د. عەلی تەتەر باسی کرد، ئەو پڕۆژانەی لەماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجامدراون، سەدان هەلی کاریان بۆ گەنج و هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکە رەخساندووە.

پارێزگاری دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە سەدا 75ـی کاری دەستی ئەو پڕۆژانەی لە سنووری پارێزگاکە ئەنجامدراون، ناوخۆیی بووە و هەندێکیان رێژەی کاری دەستی ناوخۆییان گەیشتووەتە سەدا 100. گوتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی زۆرینەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی لە سنووری دهۆک کردووە چی لە ڕووی دابینکردنی پارچە زەوی بێت یان لەڕووی ماددییەوە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، وەکو ئەوەی د. عەلی تەتەر باسی کرد، "ئامانجی سەرەکیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ دادپەروەیی بووە لە ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەبێ جیاوازی پڕۆژەی گەیاندووەتە هەموو گوند، ناحیە و قەزایەکی سنووری پارێزگای دهۆک".

هەوڵدەدەین هیچ ترافیک لایتێک لەنێو دهۆک نەهێڵین

د. عەلی تەتەر، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "رێگەی بارزان لەنێو دهۆک، کە رێگەیەکی سەرەکی شارەکەیە و دەروازی ئیبراهیم خەلیل  و هەولێری پایتەخت پێکەوە گرێدەدات، پێشتر یەکێک بوو لە قەرەباڵغترین رێگەکانی کوردستان؛ بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بە دروستکردنی چەند ئۆڤەرپاس، ئەندەر پاس و ئوتێرن، ئەو قەرەباڵغییەمان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە". 

پارێزگار ئەوەی خستەڕوو، کارکردن لە دوو ئوتێرن لەسەر رێگەی بارزان بەردەوامە، بەمزووانە کارەکان لەو دوو یوتێرنە تەواو دەبن و بەو شێوەیە هیچ ترافیک لایتێک لەسەر ئەو رێگە سەرەکییە نامێنێت. "دواتر هەوڵدەدەین هیچ ترافیک لایتێک لەنێو شاری دهۆک نەمێنێت".

پڕۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دهۆک

لەبارەی پڕۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دهۆک؛ پارێزگار روونیکردەوە، پڕۆژەکە ئێستا لە وەزارەتە (وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن)، دیزاینی فڕۆکەخانەکە و کارە تەکنییەکانی دیکەی پڕۆژەکە تەاوبوون و ڕەوانەی وەزارەتەکە کراون بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت و لەوێ ئەنجامەکەی رادەگەیەندرێت.

بەشێک لەو پڕۆژانەی کابینەی نۆیەم لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجامیداون:

1.  کەرتی رێگاوبان

لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ بە گوژمەی 486 ملیار دینار، 485 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە کەرتی رێگاوبان لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجامدراون. گرنگترینیان ئەمانە بوون:

- قیڕتاوکردنی 818 کیلۆمەتر دووجای شەقامە ستراتیژی و خزمەتگوزارییەکان.

- دروستکردنی پردێک لەسەر رێگەی رۆڤیا – گۆپاڵ (دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکی دهۆک – هەولێر).

- دروستکردنی نۆ ئۆڤەرپاس لەسەر رێگەکانی بارزان (سەنتەری دهۆک)، گۆپاڵ (رێگەی سەرەکی دهۆک – هەولێر) و چەند رێگەیەکی دیکەی سنووری پارێزگاکە.

2.  کەرتی کارەبا

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی کارکردنیدا؛ 183 پڕۆژەی لە بواری کارەبادا بە گوژمەی 280 ملیار دینار لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجام داون. گرنگترینیان ئەمانەن:

- پڕۆژەی هایدرۆپاوەر لە دێرەلۆک (دەکەوێتە سنووری قەزای ئامێدی)

-  وێستگەی سۆلار سیستەم لە زانکۆی دهۆک

- راکێشانی تۆڕی کارەبا

3.  کەرتی ئاو

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا؛ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی 91 ملیار دینار، 132 پڕۆژەی لەبواری ئاو و ئاوەڕۆدا، لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجام داون. گرنگترینیان ئەمانەن:

- بەرهەمهێنانی 927 هەزار مەتر سێجای ئاوی خواردنەوە

- هەڵکەندنی نۆ بیر

- ڕاکێشانی تۆڕی ئاو بە درێژایی 184 هەزار کیلۆمەتر.

4.  کەرتی کشتوکاڵ:

؛ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی چوار ساڵدا، بە گوژمەی 27 ملیار دینار، 26 پڕۆژەی جۆراوجۆری لە بواری کشتوکاڵدا لە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەنجامداون، کە ئەمانانەی خوارەوە گرنگترینیانن:

- دروستکردنی بەنداوەکانی خنس، سینە، گەلیێ بەنداوا کە توانای گلدانەوەی 18 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە.

- دروستکردنی دوو پۆند لە ناحیەکانی بجیل و گردەسێن (سنووری قەزای ئاکرێ)

- نووژەنکردنەوەی دەیان بەنداو و دروستکردنی رێڕەوی ئاوەڕۆ بۆ چەندین قەزا و ناحیە

5.  کەرتی تەندروستی

گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی، یەکێک بووە لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە سنووری پارێزگای دهۆک، بە گوژمەی 90 ملیار دینار، 28 پڕۆژەی گرنگ و خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانی پارێزگاکە ئەنجامداون. گرنگترینیان ئەمانەن:

- دروستکردنی نەخۆشخانەی 100 قەڕەوێلەیی لە قەزای ئامێدی

- کردنەوەی بنکەی تەندروستیی ئێسکە مەژی لە دهۆک

- کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت بە تالاسیمیا لە دهۆک

- کردنەوەی ژمارەیەک بنکەی تەندروستی لە قەزای ئاکرێ

- کردنەوەی نەخۆشخانەی هەوارهاتن لە قەزای بەردەڕەش.

- دابینکردنی کەلوپەل و ئامێری پزیکشی بۆ هەموو نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگاکە.

6.  کەرتی پەروەردە

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەمەنی کارکردنیدا، بە گوژمەی 29 ملیار دینار، 58 پڕۆژەی جۆرارجۆری لە بواری پەروەردە، لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجام داون. گرنگترینیان ئەمانەن:

- دروستکردنی 25 قوتابخانە لە سەنتەری دهۆک و قەزا و ناحیەکانی.

- دروستکردنی باخچەی ساوایان.

- نووژەنکردنەوەی 126 قوتابخانە و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانیان.

7.  کەرتەکانی دیکە:

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لە ماوەی کارکردنیدا، بە گوژمەی 36 ملیار دینار، 20 پڕۆژەی دیکەی جۆراوجۆری لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە. ئەمانەی خوارەوە بەشێکیانن:

- کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاسپۆڕت لە چەند قەزایەکی سەر بە دهۆک

- دروستکردن و نووژەنکردنەوەی ژمارەیەک یاریگەی وەرزشی

- کردنەوەی کوشتارگەی مودێرنی ئامێدی