عومەر سامەڕایی: سوودانی لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان نیگەرانە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

عومەر سامەڕایی، ئەندامی دەستەی گشتی حیکمەی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی لەو هێرشانە نیگەرانە کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان دەکرێنە سەر بنکەکانی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

عومەر سامەڕایی، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "بۆردومانکردنی هەر بنکە و شوێنێک لە عێراق کارێکی هەڵە، بێگومان محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقە و نیگەرانە لەو هێرشانە و بە ئامانجگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمەریکا لەناو خاکی عێراق، پێشتر رایگەیاندوو، ئەگەر کێشەیەک لەنێوان هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی عێراق هەبێت پێویستە بە دیپلۆماسی چارەسەر بکرێت، هەروەها پێویستە بابەتی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بە رێگەی دیپلۆماسییەوە کۆتایی پێبهێنرێت نەک پەلاماردانی بنکە و بارەگاکان و ئاراستەکردنی درۆن".

گوتیشی: "حکومەتی عێراق بەرپرسە لە پاراستنی سەروەری عێراق، هەروەها بەرپرسە لە گیانی هاووڵاتییەکانی لە هەموو عێراقدا، رێککەوتنێک لەنێوان عێراق و ئەمەریکا هەیە، پێویستە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، پێویست ناکات دۆخەکە سەربکێشێ بۆ گرژیی و ئاڵۆزیی لە وڵاتدا".

ئەو ئەندامەی دەستەی گشتی حیکمەی نیشتمانی عێراق، دەڵێت: "پێویستمان بە هیچ هێزێکی دەرەکی نییە و هێزەکانی عێراق توانای بەرگری و پاراستنی سەروەری خاکی عێراقیان هەیە، تەنیا پێویستی بە راوێژکارە نەک بنکەی سەربازی هێزێکی دیکە لەناو خاکی وڵات".

دەشڵێت: "ئەوەی گرووپە چەکدارەکان دەیکەن، وەک بەرگریکردنە لە خۆیان، چەند جارێکیش لەلایەن ئەمەریکا بنکە و بارەگاکانی ئەوان بۆردومان کراون، ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە ئەو گرژییانە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن".