بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک: گرنگی بەو پڕۆژانە دەدەین کە هەلی کار دەرەخسێنن

د. هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک
د. هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک دەڵێت، گرنگیی زیاتر دەدەنە ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان کە دەرفەتی کار دەرەخسێنن و، جەخت دەکاتەوە، هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 02-01-2023، د. هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 کە ژڤان عابد پێشکەشیکرد؛ ئاماژەی بەو پڕۆژانە کرد کە لەلایەن دەستکەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێ دراوە و چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەکو ئەوەی د. هەڤاڵ سدیق باسی کرد، "کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی وەبەرهێنانەوە گرنگییەکی تایبەتی داوەتە کەرتی تایبەت بەو ئامانجەی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات. پارێزگای دهۆکیش لەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان بێبەش نەبووە".

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک وەکو ئەوەی د. هەڤاڵ سدیق ئاماژەی پێ دا، گرنگیی زیاتر دەداتە ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان کە دەرفەتی کار بۆ گەنج و هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای دهۆک دەرەخسێنن.

 بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگاکە، "لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی کراوە بۆ ئەوەی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجام بدەن".

د. هەڤاڵ سدیق روونیکردەوە، لە ماوەی رابردوودا مۆڵەتیان داوەتەوە "پڕۆژەیەکی گرنگی وەبەرهێنان" کە بریتییە لە بەخوێکردنی مانگا و بەرهەمهێنانی شیر؛ "ئەم پڕۆژەیە بە ستانداردی نێودەوڵەتیی دروستکراوە، یەکێکە لەو پڕۆژە کەمانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن و هەلی کار بۆ زیاتر لە هەزار کەس دەرەخسێنێت". گوتیشی، "گرنگیی پڕۆژەکە لەوەدایە کە ئێمە دەتوانین پشت بە بەرهەمی ناوخۆمان ببەستین و زیاتر پارێزگاری لە ئاسایشی خۆراک بکەین".

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک ئاشکراشیکرد، لەگەڵ ژمارەیەک بانک لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی هاوکاریی ماددەی پێشکەش بەو وەبەرهێنەرا بکەن کە دەیانەوێت پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای دهۆک جێبەجێ بکەن تاوەکو "بارگرانی بۆ خەڵک دروست نەبێت".

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی تەمەنی کارکردنیدا، بە گوژمەی یەک تریلیۆن و 35 ملیار دینار؛ 932 پڕۆژەی جۆراجۆری لە کەرتەکانی رێگاوبان، کارەبا، ئاو، كشتوکاڵ، تەندروستی، پەروەردە لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە. هەروەها مۆڵەتی وەبەرهێنانی داوەتە 65 پڕۆژەی جۆراجۆر کە بە گوژمەی یەک تریلیۆن و 88 ملیار دینار ئەنجامدراون. واتا کۆی گشتی ئەو پڕۆژانەی لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا لە پارێزگاکە ئەنجامدراون، 997 پڕۆژە بوون و بە گوژمەی دوو تریلیۆن و 123 ملیار دینار ئەنجامدراون