هێمن میرانی: هەر کەسێک سیمکارت لە دەرەوەی رێكکارە یاساییەکان بخاتە بازاڕەوە سزایه‌كی زۆری دارایی ده‌درێت

حكومەتی هه‌رێم كۆمپانیا و بریكارەكانی فرۆشتنی سیمكارتی مۆبایل و ئینتەرنێت پابەنددەكات
هێمن میرانی
هێمن میرانی

K24 – هەولێر:

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، بە مەبەستی بەگژداچوونەوەی خراپبەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و تاوانە ئەلیكترۆنییەكان، دامودەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاودێرییان خستووەتە سەر فرۆشتنی سیمكارتی مۆبایل و ئینتەرنێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو كۆمپانیا و بریكارەكانیان تۆمار دەكرێن، تاكوو بە شێوەیەكی یاسایی سیمكارت بە هاووڵاتییان بفرۆشن.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆش له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت: "هەر کەسێک سیمکارت لە دەرەوەی رێكکارە یاساییەکان بخاتە بازاڕەوە سزایه‌كی زۆری دارایی ده‌درێت".

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، لەوبارەیەوە بە ماڵپه‌ڕی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی راگەیاندووه‌، لە بەر رۆشناییی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن، لە رێگەی لیژنەکانی قایمقامییەتەکان و بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردن لە ناو وەزارەت، دەستیان بە تۆمارکردنی بریکارەکانی فرۆشتنی سیمکارتی کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێت كردووە. بۆ ئەوەی ئیشوکارەکانی خەڵک یاسایی و بێكێشە بێت.

میرانی هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، لەمڕووەوە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، پێویستە هەرکەسە و لە سنووری خۆی مامەڵەی تۆمارکردنی ئەو بریکارانە دەست پێ بکات، بۆ ئەوەی دواتر بزانین هەر بریکارێک کاتێک سیمکارتی لەلایەن کۆمپانیاکەوە پێ دەدرێت، بە گوێرەی سێریاڵنەمبەرەکان بەرپرسیار بێت لە بەرانبەر یاسا، سەبارەت بە مامەڵەکردن بەو سیمکارتانە.

لەبارەی رێوشوێنەكانی دیکە، هێمن میرانی گوتی: "وەک وەزارەتی ناوخۆ لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی بازگەکان لە ئاسایش، هیچ سیمکارتێک نایەتە ناو هەرێمی کوردستان، ئەگەر سێریاڵنەمبەرەکانی لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە رێگەیان پێ نەدرێت، ئێمە نوسراویان بۆ دەکەین و ئەوان دواتر بەرپرسیار دەبن لەوەی کە ئەگەر ئەو سیمکارتانە هێنرانە ناو بازاڕ و مامەڵەیان پێوە كرا."

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ده‌شڵێت: "سزایەکی زۆری دارایی دانراوە بۆ هەر کەسێک کە سیمکارت لە دەرەوەی رێكکارە یاساییەکان بخاتە بازاڕەوە، پێشتر لەبەر ئەوەی بەشێک لەو بریکارانە مۆڵەتیان نەبوو یان مۆڵەتیان دەرنەهێنابوو، ئێستا دەست بەو پرۆسەیە کراوە و لیژنەکانی قایمقامیەت بە بەردەوامی لەناو بازاڕەکان بەدواداچوون دەکەن."

ئه‌وه‌شی باسكرد، پەیامی وەزارەتی ناوخۆ بۆ هاووڵاتییان ئەوەیە، لە هەر شوێنێك بینیان لەسەر مێز یان لە دوکانێکی لاکۆڵان یان لەلایەن بریکارێکی رێگەپێنەدراو سیمكارت دەفرۆشرێت، دەتوانن لیژنەکانی قایمقامییەت ئاگاداربکەنەوە، یان لە رێگەی پلاتفۆرمەکانی وەزارەتی ناوخۆوە پەیام بۆ وەزارەتی ناوخۆ بنێرن، بۆ ئەوەی رێكکاری یاسایی لە دژیان بگیرێتە بەر، چونکە ئەو بابەتە پێویستیی بە هەماهەنگیی نێوان هاووڵاتیان و لیژنەکانی قایمقامیەت و وەزارەتی ناوخۆ هەیە.