مایكڵ ئاریسانتێ: حکومەتی عێراق نەیتوانیوە گرووپە چەکدارەکان کۆنتڕۆڵ بکات

مایكڵ ئاریسانتێ، لێکۆڵەر و شارەزای پرسەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
مایكڵ ئاریسانتێ، لێکۆڵەر و شارەزای پرسەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی پرسەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت: گرووپە چەکدارەکان لە حکومەتی عێراق بەهێزترن و حکومەتی عێراق نەیتوانیوە کۆنترۆڵیان بکات، چونکە ئەو گرووپانە لەلایەن ئێرانەوە کۆنتۆڵکراون.

مایكڵ ئاریسانتێ، لێکۆڵەر و شارەزای پرسەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم گرووپە چەکدارەنە لە بەغدا و لە تاران هاوکاری سەربازی دەکرێن، هەروەها سوپای حەشدی شەعبی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پارەیەکی زەبەلاحەیان بۆ تەرخانکراوە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ کراون.

ئەو شارەزایەی پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی عێراق نەیتوانیوە کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان بکات، چونکە ئەو گرووپانە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵکراون و هەر ئەو وڵاتەش کاریگەری زیاتری لەسەر حکومەتی عێراق هەیە.

مایكڵ ئاریسانتێ، هاوکات راشیگەیاند، گرووپە چەکدارەکان لە حکومەتی عێراق بەهێزترن. باسی لەوەشکرد، ئێران کاریگەرییەکی کارای هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەژموونی لەسەر عێراق، سووریا، لبنان و فەڵەستین هەیە.

ئەو شارەزایەی پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت: ئەمەریکا لە ئێران ناترسێت و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە، بۆیە ئێران فشار دەخاتە سەر ئەمەریکا و دەیەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەدەریان بنێت.

مایكڵ ئاریسانتێ، گوتیشی: سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا چەند ساڵێکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاستەێکی خراپیان هەبووە، چونکە پێویست بوو سنوورێک بۆ ئێران دابنێن و تا نەهێڵن زیاتر بنکە و بارەگەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە ئامانج بگرێت.

ماوەیەکە ئەو گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووانەی عێراق، بنکەکانی سەربازیی ئەمریکا و هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، سوریا بە ئامانج دەگرن، تا ئێستاش هیچ رێکارێک لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە بۆ رێگریکردن لە هێرشی ئەو گروپانە نەکراوە