راپرسییەک: سەدا 60ـی هاووڵاتییانی ئێران دەیانەوێت کۆچ بکەن

کۆچی هاووڵاتییانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵاتەکەیان پەرەی سەندووە
کۆچی هاووڵاتییانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵاتەکەیان پەرەی سەندووە

K24 - هەولێر

لە دوو ساڵی ڕابردوودا کۆچی هاووڵاتییانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵاتەکەیان، بەتایبەت بۆ بەریتانیا پەرەی سەندووە. بەشێکی زۆری ئەو کۆچبەرانە لە توێژە پیشەییەکانی وەکو پزیشکان, پەرستاران و کرێکارانی بەئەزموون پێکهاتوون.

لە ساڵی 2023، دوای ئەفغانییەکان، دووەمین گرووپی هەرە گەورەی کۆچبەران کە لە کەناڵی مانشەوە چوونەتە ناو خاکی بەریتانیاوە، ئێرانی بوون.

لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەک لە کۆچبەرانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگەی کۆچ بەرەو بەریتانیا لە کەناڵی مانشدا گیانیان لەدەست داوە، کە بەشێکیان ئەندامانی یەک خێزان بوون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی کۆنترۆڵی توندی سنوورەکانی بەریتانیا لەلایەن حکومەتەکانی ئەو وڵاتەوە؛ ئەمساڵ ژمارەیەکی کەمتر کۆچبەری نایاسایی چوونەتە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە.

لەم چەند ساڵەدا ناوەندی چاودێریی کۆچبەریی ئێران، چەندین ڕاپۆرتی سەبارەت بە کۆچی گرووپە پیشەییەکانی ئێران، وەکو پەرستاران، پزیشکان و کرێکارانی بەئەزموون و تەنانەت قوتابییان بڵاوکردووەتەوە.

بەپێی ئامارەکان، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە دوو هێندەی هەموو کۆچبەرانی 30 ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتەیە.

ناوەندی چاودێریی کۆچبەریی ئێران لە ڕاپرسییەکدا کە پێشتر بڵاویکردووەتەوە؛ پرسیاری لە 12 هەزار هاووڵاتی کردووە، سەدا 60ـیان گوتوویانە پێیان باشە کۆچ بکەن و وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن. لەناو ئەو کەسانەدا سەدا 73ـیان پزیشک و پەرستارن و حەزی خۆیان بۆ چوونە دەرەوە لە وڵاتەکەیان نیشان داوە.