سیستەمی پارەدان لە بەنزینخانەکان دەگۆڕێت

kurdistan24.net

K24 - بەغدا

لە بەنزینخانەکانی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی پارەدان بە شێوەی کاش کەوتەبواری جێبەجێکردن، بە گوێرەی بڕیارەکە پێویستە هەموو شۆفێرێک کارتی بانکی هەبێت و پارەی بەنزینەکە لە رێگەی کارتە بانکییەوە بخاتە سەر هەژماری بانکی بەنزینخانەکە، لە هەمان کاتدا بەشێک لە هاووڵاتییان نیگەرانن و ترسیان لە بەکارهێنانی کارتە بانکییەکان هەیە.

لەنێوان پارەدانی ئەلیکترۆنی و پارەدانی کاش لە بەنزینخانەکان،  دانیشتوانی بەغدا بۆچوونی جیاوازیان هەیە، سەجاد تەها یەکێکە لەو کەسانەی پێی باشە یەکەم ئەزموونی پارەدانی ئەلیکترۆنی تاقی بکاتەوە ئەوەش لەپێناو پیشاندانی لایەنی ئەرێنیی پرۆسەکە، بەڵام خاوەنی ئۆتۆمبێلە تاکسییەکان، بۆچوونیان جیاواز و پێچەوانەیە، پرۆسەکە بە نەرێنیی دەبینن و پارەدانی کاشیان لەلا پەسەندە.

سەجاد، دەڵێت: "من یەکەم جارمە کارتی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنم، ئەمە شتێکی باشە، هەندێک کەس ترسیان لەم بابەتە هەیە، بەڵام من پێم وایە شتێکی باش و سادەیە، بەو واتایەش نییە کە تەنیا لە بەنزینخانەکاندا بەکاردەهێنرێت، بەڵکو دەکرێت ئەم کارتە لە مۆڵ و بازاڕەکانیش بەکاربهێنرێت و بەهۆیەوە رزگارمان بێت لەدەست بابەتی پارەی کاش و بەرزبوونەوە و دابەزینی بەهای دۆلار".

هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی بەغدا بەناوی ریاز عەلی دەڵێت: "پارەی کاش باشترە لە پارەدانی ئەلیکترۆنی، چونکە کارتە ئەلیکترۆنییەکان دەبێت بڕۆیت و پڕیبکەیتەوە و ئەوەش کاتی دەوێت، ئەمە کاری رۆژانەی ئێمەیە، دەشڵێن ناتوانیت لە 50 هەزار دینار کەمتر بکەیتە ناو کارتەکە بۆئەوەی بتوانیت بەنزینی پێ بکڕیت".

شارەزایەکی کاروباری ئابووری، پێی وایە سەختە بڕیارەکە وەکو خۆی و بەو خێراییە جێبەجێ بکرێت لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، چونکە هۆشیاریی بەکارهێنانی کارتە ئەلیکترۆنییەکان لە عێراق لاوازە، لەلایەن زۆرێک لە هاووڵاتیانەوە دژایەتی دەکرێت.

خەلیل ئەحمەد، شارەزای کاروباری ئابووری بە کوردستان24ی گوت: "عێراق بەشێوەیەکی گشتی تائێستاش دواکەوتووە لە تاقیکردنەوەی ئەو ئەزموونە، بەشێوەیەکی گشتی هاووڵاتیان ترسیان لە بابەتەکە هەیە لە رووی پارێزراوی پارەکانیان، ئێمە پێویستمان بەوەیە خەڵک هۆشیار بکرێتەوە ئەوەش لەرێگەی ئەزموونی تاکە کەسیەوە کە ئەوە تائێستا لەلای ئێمە لاوازە، پشتیوان بە خوا لە داهاتوودا دۆخەکە باشتر دەبێت".

بە گوتەی بەشێک لە خاوەنی وێستگەکانی بەنزین، تا دەستپێکی ساڵی نوێ، بەکارهێنانی کارتە ئەلیکترۆنییەکان لە بەنزیخانەکان رێژەی 15%ی تێنەپەڕاندووە، بۆیە پێیان وایە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە پێویستی بە کاتی زیاترە.