شاخەوان عەبدوڵڵا: هیچ خێزانێکی کورد لە گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک دەرناکرێت

"قسەم لەگەڵ سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق کرد"
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق کردووە؛ ئەو هێزەی سوپا کە دوێنێ هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک دەکشێتەوە و هیچ خێزانێکی کورد ناچار بە دەرکردن ناکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-01-2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هیچ خێزانێکی کوردی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک ناچار بە دەرکردن ناکرێت و ئەو هێزەی سوپای عێراق کە لەو گەڕەکە جێگیر کراوە، دەكشێتەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەی خستووەتەڕوو، دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە، 02-01-2024، چەند هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک پەیوەندییان پێ کردووە و پێیانگوتووە، هێزێکی سوپای عێراق هاتووەتە سەریان و داوای چۆلکردنی ماڵەکانیان لێ دەکات، "لەگەل سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەم کرد و بەسوپاسەوە فەرمانی بە وەزارەتی بەرگری کرد" ئەو هێزەی سوپای عێراق بکشێتەوە و ئەو بابەتە رابگیرێت. 

بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیی دیموکراتی کوردستانە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان قسەیکردووە و بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کشاندنەوەی ئەو ‌هێزەی سوپا جێبەجێ دەکات.

دوێنێ سێشەممە، 02-01-2024، هێزێکی سوپای عێراق بە دەیان زرێپۆش (هەمەر)ـی سەربازییەوە هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن، گەڕەکەکەیان گەماروو دا و داوای لە هاووڵاتییانی کورد کرد دەستبەجێ خانووەکانیان چۆڵ بکەن و بچنە دەرەوە.

نزیکەی 120 خێزانی کورد لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک نیشتەجێن. ئەو هێزەی سوپای عێراق بەبیانووی ئەوەی خانووەکانی گەڕەکەکە لە سەردەمی رژێمی پێشووی سەدام حوسێن، بۆ ئەفسەرانی رژێم دروستکرابوون، داوای چۆڵکردنی خانووەکانی لە هاووڵاتییانی کورد کرد.

ئەو هاووڵاتییانی گەڕەکەکە کە قسەیان بۆ هێمن دەڵۆ، پەیامنێری کوردستان24 کرد، جەختیان لەوە کردەوە، پێشتر لەبارەی هاتنی ئەو هێزەی سوپای عێراق ئاگادارنەکراونەتەوە و تەنانەت موختاری گەڕەکەکەش ئاگای لە بابەتەکە نەبووە.

وەکو ئەوەی ئەو هاووڵاتییانە باسیان کرد، لە ساڵی 2003ـەوە لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک دەژین، خانووەکانان کڕیوە و پێشتریش ئەو خانووانە چەندین جار دەستاودەسیان پێ کراون و، هیچ کێشەیەکیان نەبووە؛ بەڵام سوپای عێراق بەبیانووی ئەوەی پێشتر خانووەکان هی فەرماندە سەربازییەکانی رژێمی بەعس بوون، دەیەوێت چۆڵ بکرێن.