بە بڕیاری مەسرور بارزانی سێ پڕۆژە بۆ پاراستنی شاری هەولێر لە لافاو جێبەجێدەکرێن

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بە گوژمەى زیاتر لە دوو ملیار دینار، سێ پڕۆژەی ستراتیژی بۆ پاراستنی شاری هەولێر و دەوروبەری  لە کاریگەرییەکانی لافاو جێبەجێدەکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-01-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەپێناو پاراستنی شاری ھەولێر و دەوبەری لە کاریگەرییەکانی لافاو؛ بە گوژمەی دوو ملیار و 100 ملیۆن دینار، سێ پڕۆژەی ستراتیژی خراونەتە بواری جێبەجێکردن.

 پڕۆژەکان وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان پێ دراوە، پێکهاتوون لە کۆنکرێتکردنی ڕێڕەوی سروشتی لە گردجووتیار، کۆنکرێتکردنی ڕێڕەوی سروشتی کۆڕنیش نزیک شاری زیلان و دروستکردنی پردێکی ھەشت چاوە لە گوندی تەندورەی سەر بە ناحیەی شەمامک.

بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، "لە ئێستادا ھەرسێ پڕۆژەکە لە ژێر جێبەجێکردندان و مەبەست لە ئەنجامدانیان پاراستنی شاری ھەولێر و دەوبەریەتی لە زیانەکانی لافاو، دوای تەواوبوونیان کاریگەرییان دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو".

وەکو خۆی باسی دەکات، "ئەو سێ پڕۆژەیە ڕێڕەوی ئاوی باران چارەسەر دەکەن. ساڵانە بەھۆی بارانی زۆرەوە ئاوێکی زۆر لەو ڕێڕەوانە دەردەچێت، پێویست بو حکوومەت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە چارەسەری ئاوی سروشتی بکات و ئەو ناوچانە پارێزراوبن".

لەلایەن خۆیەوە، رێبوار حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی ئاودێریی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ساڵانی رابردوو لەو شوێنانەی بڕیاردراوە پڕۆژەکانی لێ جێبەجێ دەکرێت، لافاو روویداوە و ،پڕۆژەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو جێبەجێ دەکرێن.

رێبوار حەسەن ئاماژەی بەوەش دا، ماوەی هەر سێ پڕۆژەکە 120 رۆژن و کارکردن تێیاندا دەستیپێکردووە و بەردەوامە. گوتیشی، "جاری یەکەمە کەندی کۆرنیش کۆنکریت دەکرێت. پڕۆژەکە بێجگە لەوەی کاریگەریی زۆر باشی لەسەر کەمکردنەوەی لافاو دەبێت، سیمایەکی جوانیش بە شوێنەکە دەدات".