بڕی پارەی کارەبای موەلیدەکان دیاریکرا

K24 – هەولێر

بڕی پارەی کارەبای موەلیدەکان بۆ مانگی 12ی 2023 دیاریکرا، بەهۆی پێدانی کاتەکانی کارەبا لە شارێک بۆ شارێکی دیکە و لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە بڕی پارەکەش جیاوازی هەیە.

قارەمان مەولو، سەرۆکی ئەنجومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە پارێزگای هەولێر نرخی لیترێک گازوایل 560 دینار دیاریکرا، ئەوانەی بەخشتە 12 کاتژمێر کارەبا کارییان کردووە، نرخی یەک کاتژمێر 41 دینار بووە، بۆ یەک ئەمپێر کەمترین نرخ 12 هەزار دینار بووە زۆرترینیش 17 هەزار بووە، ئەوانەشی کە لەسەر خواستی هاووڵاتییان 15 بۆ 16 کاتژمێر کارییان کردووە، نرخی هەر ئەمپێرێک 20 هەزار و 500 بۆ 21 هەزار دینار بووە".

لەبارەی بڕی کارەبای موەلیدەکان لە سلێمانی، سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "لە سلێمانی پارەی کارەبای موەلیدەکان سێ جۆرە، ئەو موەلیدانەی لە کاتژمێر یەکی نیوەڕۆوە تا حەوتی ئێوارە ئیش دەکەن، بۆ هەر ئەمپێرێک 13هەزار و 500 دینار تا 14 هەزار و 500 دینار دیاریکراوە، ئەوانەشی لە حەوتی ئێوارە تا یەکی شەو کارەبا دەدەن لە 17 هەزار تا 18 هەزار بۆ هەر ئەمپێرێک دیاریکراوە".

گوتیشی: "هەندێک موەلیدەش هەن کارەبای 24 کاتژمێری دەدەن، بۆ ئەوانیش بۆ هەر ئەمپێرێک لەم مانگەدا 21 تا 22 هەزار دینار دیاریکراوە".

سەبارەت بە پارەی کارەبا لە پارێزگای دهۆک هەکار هروری، ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاری موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی رایگەیاند: "نرخی کارەبای موەلیدە لە پارێزگای دهۆک بۆ هەر ئەمپێرێک 19 هەزار دینار دیاریکراوە، نرخی یەک لیتر گازوایل 474 دینارە دیاریکرا".

ئا: لاڤین عومەر