ناكۆكییەكانی حەسەن رۆحانی و ئوسوڵگەراكانی ئێران تووندتر دەبێت

دژایه‌تیكردنی رۆحانی به‌ ئاشكرا ده‌ركه‌وتووه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/2f919d50-31c0-4e80-9d4d-f3c8a3f0edc3/hershakan%20bo%20sar%20rohani.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

ناكۆكییەكانی نێوان باڵی ئوسوڵگەرای نزیك لە رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران, لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆككۆمار تووندتر بوونە، كەسێكی نزیك لەرێبەری ئێران رۆحانی بە ناپاك ناودەنێت و داوای سزادانی دەكات.

وەڵام و وەڵامدانەوەیەكی راستەوخۆی نێوان خامه‌نەیی و رۆحانی, گۆمی سیاسەتی لەئێران بەتەواوەتی شڵەقاندووە, شەش مانگ دوای رێككەوتنی ئەتۆمی, خامه‌نەیی گوتی: "ئەو رێككەوتنە ھیچی بۆ ئێرانییەكان پێ نەبوو".

رۆژی دواتر رۆحانی گوتی: "رێككەوتنەكە عیزەت و گەورەیی بۆ ئێرانییەكان گەڕاندەوە", قسەیەك بەتێچووییەكی زۆر و كاردانەوەكانی ھەتا دێت، تووندتر و مەترسیدارتریش دەبن.

حەمید رۆحانی, سەرۆكی ناوەندی مێژووناسی شۆڕشی ئیسلامی ئێران, داوای دادگاییكردنی حەسەن رۆحانی كرد و دەڵێ: "ئەو ناپاكی كردووە و لە ویلایەت دوور كەوتووه‌تەوە، سەرۆك كۆمار بەرامبەر رێبەر وەستاوەتەوە و دەبێ بەتووندی سزا بدرێت". 

كەسایەتییە سەربازییەكانیش كەوتنە پەلاماردانی رۆحانی و محەمەد رەزا نەقدی فەرماندەی بەسیجی ئێران رۆژی ھەینی لەكۆبوونەوەیەكدا گوتی: "كۆمەڵگەیەك كە دەوڵەتەكەی ھانیبدات سەتەلایتیان ھەبێت و باسی كۆنسێرتیان بۆ بكات، ھەرگیز گەشە ناكات".

نەقدی گوتيشی: "ھەرچییەك رێبەر گوتی حكوومەت دەبێ ئەنجامی بدات", ئەوەش ھەڕەشەیەكی ئاشكرایی سەربازی لە كابینەی حەسەن رۆحانی بوو.

دوای ئەو ھێرشانە، دوێنێ لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی بەرژه‌وەندییەكانی ئێران حەسەن رۆحانی و عەلی ئەكبەر ھاشمی رەفسەنجانی لەتەنیشت یەكتر دانیشتن و ئەو چپەیان دەریخست كە ناكۆكی رەفسەنجانی و خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران قووڵە و ناشاردرێتەوە، چونكە رۆحانی بەدەنگی رەفسەنجانی بووە سەرۆككۆمارو ئوسوڵگەراكانیش بەگلۆپی سەوزی خامه‌نەیی پەلاماری رۆحانی دەدەن.