تونس دەستی بەسەر 10 بەلەمی کۆچبەراندا گرت

K24 - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی تونس ئاشکرای کرد، لە پشووی کۆتایی ساڵدا 13 هەوڵی بەزاندنی سنووری دەریایی تونسی پووچەڵکردەوە، هەروەها 175 هاووڵاتی ئەفریقی کە سنوورەکانیان بەزاندبوو رزگارکرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە شاری سەفاقسی تونس پێنج کەس دەستگیرکران، کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا، رێکخەر و نێوەندگیری پرۆسەی قاچاخچیێتی لەنێوانییاندا هەبوو، جگە لەوە 10 بەلەمی ئاسنی کە ئامادەکرابوون بۆ بەکارهێنان دەستییان بەسەردا گیرا، هەروەها هەشت بزوێنەری دەریایی کە چاوەڕێی ئامادەکردنی ژمارەیەک بەلەمیان دەکرد بۆ ئەوەی بەرەو کەناری ئیتاڵیا بڕۆن دەستییان بەسەردا گیرا.

وەزارەتی ناوخۆی تونس ئاشکراشی کرد، یەکەکانی ناوچەی دەریایی بەنابل ئۆپەراسیۆنێکییان ئەنجامدا کە توانییان 13 کۆچبەری تونسی رزگار بکەن کە کچێکی بیانیش لەنێوانییاندا هەبوو. داواکاری گشتی تونس فەرمانی کرد رێوشوێنی یاسایی پێویست بگیرێتەبەر و لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت بۆ ئاشکراکردنی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.

ژمارەیەک لە رێکخراوانی مافی مرۆڤ و ناوخۆییەکان، پاڵپشتی کۆچبەرانی نایاسایی دەکەن و داوادەکەن مامەڵەی مرۆڤانەیان لەگەڵدا بکرێت، لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئەوان قوربانی ئەو بارودۆخە ئابووری و ئەمنییەن کە وڵاتانی ئەفریقا و ئەمەریکای باشوور پێیەوە دەناڵێنن.

عەبدولڕەحمان ئەلهوزەیلی، "سەرۆکی کۆڕبەندی تونس بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان" رایگەیاند، شەپۆلەکانی کۆچی نایاسایی هەر بەوەوە ناوەستن هەتا ئەو کاتەی چارەسەرە بەردەستەکان لە هەردوو وڵاتی رەسەن و وڵاتانی شوێنی مەبەست نەگۆڕدرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، شەرعیەتدان بە پێشێلکارییەکان دژی کۆچبەران و هاوکاریکردنی ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپی، لەوانە ئیتاڵیا و فەرەنسا، بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانە بە زۆرەملێ ناتوانێت چارەسەری پرسی کۆچبەران بکات، هەروەها رەخنەی لە "ڕەشنووسی یاسای ئەوروپی بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی گشتگیر بۆ ڕێکارەکانی پەنابەری" گرت، کە مانگی رابردوو لەلایەن پەرلەمانی فەڕەنساوە پەسەندکرا، جەختی لەوە کردەوە، جارێکی دیکە ئەو یاسایە جێبەجێ دەکات بۆ پەسەندکردنی سیاسەتێکی سەرکوتکەر و رێوشوێنی ئەمنی دژی ئەو کۆچبەران.