بەهۆی کەمی داهات و دەرمان هاووڵاتییانی دیاربەکر گیادەرمانییەکان بەکاردەهێنن

دیاربەکر
دیاربەکر

K24 – دیاربەکر:

بەهۆی هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵە، نەخۆشی و پەتاکان لەناو هاووڵاتییان بڵاودەبنەوە، لە دیاربەکر بەهۆی گرانبوونی نرخی دەرمان و چارەسەرییەکان ، دانیشتووانی روویان لە کڕینی گیادەرمانییەکان کردووە.

وەرزی پایز و زستان، بەهۆی گۆڕانی لەناکاوی کەشوهەوا، زۆرینەی هاووڵاتییان تووشی هەڵامەت دەبن، هەر بۆیە هاووڵاتیانی دیاربەکر زیاتر لە نەخۆشخانەکان دەچنە دوکانی فرۆشتنی گیادەرمانییەکان و بەپێی نەخۆشییەکانیان دەرمانی رووەکی دەکڕن.

فیرات چاکیل، فرۆشیاری گیادەرمانییەکان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە گیادەرمان دەفرۆشین بۆ چارەسەری کۆکە و سەرمابوون"، هەندێک دەرمان هەن کە لە دەرمانخانەکاندا بەردەست نین. خەڵکیش دێن، دەرمانی گیایی دەکڕن.

ئەو فرۆشیارەی گیادەرمانییەکان، دەڵێت: "دارچین، بەهارات و زەنجەفیل بە تایبەتی بۆ سەرمابوون باشن، هەندێک رووەك تێکەڵ دەکەین و دەیانفرۆشین، هەندێک رووەک هەن کە لەکاتی زیادەڕۆیی بەکارهێناندا زیان  بە کەسی بەکارهێنەر دەگەیەنێت، تەنها 2 بۆ 3 جۆریان هەیە کە خەڵک زۆر نایکڕن".

هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی تەیفور بیرتان ئاماژەی بەوەدا، "چووینە دەرمانخانە، دەرمانی ئەنتیبایۆتیکیان بە ئێمەدا، پارەیەکی زۆرم بەفیڕۆچوو، بەڵام هیچ سوودێکمان لەو دەرمانە نەبینی، بە پێچەوانەوە منداڵەکەم بەو دەرمانە زیاتر نەخۆشکەوت.

گوتیشی: ئێمە هاتین ئەم گیادەرمانیانەمان کڕی و لێرەدا زۆرمان دەستکەوت، ئێمە لە ئێستادا چای لیمۆ دەخۆینەوە، هەروەها بادەم و زەنجەفیل دەخۆین، بەو شێوەیە بۆخۆمان چارەسەرمان دۆزییەوە.

ئەو هاووڵاتیانەی دەیانەوێت جەستەیان لەسەرما بپارێزن، روو لە خواردنی گیادەرمانییەکان دەکەن، بە تایبەت ئەو رووەکانەی کە لە شاخ و دۆڵی ناوچەکە کۆدەکرێنەوە، کاتێک بە ژیری بەکاردەهێنرێن، دەبێتە چارەسەر بۆ زۆرێک لە نەخۆشییەکان.