دابەشکردنی نەوت لەسنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

دابەشکردنی نەوت
دابەشکردنی نەوت

K24 - سلێمانی:

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئاشکرایدەکات،  بڕیارە سبەی دەست بە  دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناو شار و دەرەوەی شاری سلێمانی بکرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (3ـی کانوونی دووەمی 2024) بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە دابشکردنی نەوت لە سنووری پارێزگای سلێمانی راگیرابوو.

ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارە لە سبەی پێنجشەممەوە دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی لەناو شار و دەرەوەی شاری سلێمانی بکرێتەوە.

رۆژی سێشەممە، (2ـی کانوونی دووەمی 2024)، لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاندبوو، تا سەرەتای ئەمساڵ بڕی نزیکەی 207 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدرابوو، " لە هەولێر زیاتر لە 90 ملیۆن لیتر دابەشکراوە، لە سلێمانی نزیکەی 72 ملیۆن لیتر و لە دهۆکیش نزیکەی 44 ملیۆن لیتر دابەشکرداوە".

راشیگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەند بوون، کە دەکاتە رێژەی زیاتر لە 80%ـی کۆی ژمارەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەویش هەولێر نزیکەی 94% سلێمانی نزیکەی 69% دهۆک زیاتر لە 79%.ـە.

باس لەوەشکرابوو، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەموو رێکارەکانی بۆ هێنان ئەو 50 ملیۆن لیترەی نەوتی سپی تەواو کردووە، کە عێراق بڕیاری ناردنی بۆ پارێزگاکانی کوردستان داوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەموو هەوڵەکانی  بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی پرۆسەکە بەگەڕخستووە.