بەرپرسانی عێراق سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی شاری کرمان دەکەن

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (بەوەکالەت) و رێبەری رەوتی سەدر سەرکۆنەی تەقینەوەکەی شاری کرمانی ئێران دەکەن و دەڵێن: "ئەمڕۆ گەلی عێراق هاوخەمی ئێرانی دراوسێیانن".

ئەمڕۆ چوارشەممە (3ـی کانوونی دووەمی 2024) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی شاری کرمانی ئێرانی کرد و گوتی: "حکومەتەکەمان هاوسۆزی خۆی بۆ گەلی ئێران رادەگەیەنێت لە بەرامبەر ئەم رووداوە پڕ ئازارە" ئاماژەی بەوەشکرد، " ئامادەیی عێراق رادەگەیەنین بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەک.

لەلایەکی دیکەوە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس (توویتەری پێشوو) بەهۆی تەقینەوەکەی شاری کرمان، هاوخەمی خۆی بۆ گەلی ئێران راگەیاند و گوتی: هەموومان ئەمڕۆ پرسەدارین بۆ گەلی ئێران و رۆحی قوربانییانی ئەو رووداوە شاد بێت و جێگەیان بەهەشت بێت.

لەلایەن خۆیەوە، موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (بەوەکالەت)، لە پەیامێکدا هاوخەمی خۆی بۆ رووداوەکەی شاری کرمانی ئێران راگەیاند و گوتی: کردەوە تیرۆستییەکەی سەر کرمان شەرمەزار دەکەم و هاوخەمی و پاڵپشتی حکومەت و گەلی عێراق بۆ ئێران دووپاتدەکەینەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (3ـی کانوونی دووەمی 2024)، ئاژانسەکانی ئێران رایانگەیاند، بە هۆی دوو تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە نزیک مەزارگەی قاسم سولەیمانی، لە شاری کرمانی ئەو وڵاتە 103 کەس کوژران و 141 کەسیش بریندرابوون.

بۆ قوربانییانی تەقینەکانی ئەمڕۆی کرمان، ئێران سبەی کردە ماتەمی گشتیی.

هاوکات ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێراندا تێپەڕی. بەوبۆنەیە ئەمڕۆ خەڵکێکی زۆر چووبوونە سەر مەزارگەکەی لە شاری کرمان.

بەرەبەیانی رۆژی (3ـی کانوونی دووەمی2020)، لە بۆردوومانێکی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکادا، قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوژران.