شوفێرانی دەروازەی پەروێزخان مان دەگرن

kurdistan24.net

K24 - گەرمیان

ماوەی سێ رۆژە بەرپرسانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە دیوی ئێرانەوە بڕیاریانداوە، هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر نابێت لە 100 لیتر زیاتر گاز لە تەنکی ئۆتۆمبێلەکەیدا هەبێت، بە پێچەوانەوە لە 100 لیتر زیاتر گازی تێدابێت سزا دەدرێت.

ئەم بڕیارەی بەرپرسانی ئێران، شۆفێرانی نیگەران کردووە و بەو هۆیەوە بایکۆتی جموجۆڵی بازرگانیان کردووە و دەڵین: تا بڕیارەکە هەڵنەوەشێتەوە ئامادەنین بچینە ناو خاکی ئێرانەوە.

نووری محەممەد، یەکێکە لە شوفێرانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، بە کوردستان24ی گوت: "لە دیوی ئێران بڕیارێک دەرچووە، هەر ئۆتۆمبێلێک لە کاتی گەڕانەوە گازی پێبێت دەبێ غەرامە بکرێت".

2700 ئوتۆمبێل لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، لەنێوان ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان جموجۆڵی بازرگانی دەکەن، بەگوێرەی زانیارییەکان داهاتی مانگانەی دەروازەکە زیاتر لە 20 ملیار دینارە شوفێرە.

شوفێرێک بەناوی رائید محەممەد دەڵێت: "شوفێرە ئێرانییەکان کاری خۆیان دەکەن و کێشەیان نییە، لە دیوی ئێران لیتری گاز بە 550 دینار بۆمان هەژمار دەکەن لە دیوی خۆشمان 550 واتە هەر لیترێک 1100 دینار لەسەر ئێمە دەوەستێت".

راگرتنی کاری شوفێران لە دەروازەی پەرێوێزخان تەنیا شوفێران لێی زەرەرمەند نابن، بەڵکو زیان بە جموجۆڵی بازرگانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران دەگات.

دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، کەوتووەتە نزیک گوندی پەروێزخان لە سنووری ناحیەی قۆرەتووی سنووری ئیدارەی گەرمیان. پەروێزخان لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی بەردەعەلی خواروو، لە باشوور لەگەڵ شارۆچکەی قەسری شیرین لە رۆژھەڵاتی کوردستان و لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی مەحمودقەجەر لە رۆژاوا لەگەڵ گوندی گومرگەکۆن لە شارۆچکەی قەسری شیرین لە رۆژھەڵاتی کوردستان.