هیمداد سەباح: پرسی کۆتاکان کراوەتە بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێکهاتەکان هەرگیز نەبوونەتە لەمپەر لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و، وەکو خۆی دەڵێت، پرسی کۆتاکان کراوەتە بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-01-2024، هیمداد سەباح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە بەرەی تورکمانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاری دادگای فیدراڵی نییە دەستکاری لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات و، پرسی کورسی کۆتاکان، کراوەتە بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکە.

بڕیارە لە 25ى شوباتی 2024، هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان لەژێر سەرپەرشتیى ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت؛ بەڵام دوێنێ چوارشەممە، 03-01-2024، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی دواخستنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر کورسی پێکهاتەکان بۆ 21ـی ئه‌م مانگه‌؛ کۆمیسیۆن ناتوانێت ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدات.

وەکو ئەوەی هیمداد سەباح باسی کرد، پرسی کورسی پێکهاتەکان هەرگیز نەبووەتە لەمپەر لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و، دڵنیان لەوەی، "ئەگەر وادەیەکی دیکەش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت، پاساوێکی دیکە دەهێننەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە نەکرێت".

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی خولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان؛ مەبەستێکی سیاسی لەپشت دەستکاریکردنی ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمان هەیە و "دەیانەوێت ئەو پێکەوە ژیانەی لەنێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە نەهێڵن".

هیمداد سەباح پێیوایە "دەتوانرا پرسی کورسی کۆتاکان بەشێوەیەکی دیکە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی کوردستانەوە چارەسەر بکرابایە و پرسەکە نەچووبایە دادگای فیدراڵی، چونکە لەسەرەتا دەمانزانی، پرسەکە بچێتە دادگا، کێشەکان قووڵتر دەبنەوە".

رۆژی 27-12-2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ جاری حەوتەم بڕیاردانی لەبارەی سکاڵایەکی تۆمارکراو لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ بۆ رۆژی 21-01-2024 دواخست.

سکاڵاکە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە:

ماددەی یەکەم (1): پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (111) سەد و یازدە ئەندام پێکدێت.

ماددەی نۆیەم (9): هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت.

ماددەی پازدەم (15): بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات.

ماددەی بیست و دووەم (22):

1. هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا 30 کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن.

2. لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (15) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە ماددەی 21ـدا داواکراون.

ماددەی سی و شەشەم (36):

1. پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان ‌و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

2. پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.

3. یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیده‌كانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.


ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.