ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە پارێزگای دهۆک جێبەجێدەکرێن

بەسەرکردنەوەی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لەلایەن د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکەوە
بەسەرکردنەوەی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لەلایەن د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکەوە

K24 - هەولێر

پارێزگاری دهۆک ژمارەیەکی دیکەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگاکە خستە بواری جێبەجێکردندا. پڕۆژەکان زۆرینەی ناحیە و قەزاکان دەگرنەوە. 

راگەیاندنی پارێزگای دهۆک بڵاویکردووەتەوە، لە بەردەوامی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-01-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگاکە خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

پڕۆژەکان بریتین لە:

- قیرتاوکردن، کۆنکریتکردن و نووژەنکردنەوەی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکەکانی (گژەبەرا، بەروشکێ، سەرهلدان، کانی مەهمەدکێ و گەلی).

- قیرتاوکردن و نووژەنکردنەوەی چەند شەقامێکی رۆژئاوای گەڕەکی 11ـی ئاداری ئاکرێ.

- نووژەنکردنەوە و رێکخستنەوەی ژمارەیەکی دیکەی شەقامە ناوخۆییەکانی گوندەکانی ئەڤریکێ و ئێمینکێ.

- نووژەنکردنەوە و رێکخستنەوەی رێگەی گەلی ئاڤۆکێ لە سنوورێ ناوچەداری چەمانکێ.

- رێکخستنەوەی حەوت بازگەی سنووری پارێزگای دهۆک.


کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی تەمەنی کارکردنیدا، بە گوژمەی یەک تریلیۆن و 35 ملیار دینار؛ 932 پڕۆژەی جۆراجۆری لە کەرتەکانی رێگاوبان، کارەبا، ئاو، كشتوکاڵ، تەندروستی، پەروەردە ئەنجامداوە. هەروەها مۆڵەتی وەبەرهێنانی داوەتە 65 پڕۆژەی جۆراجۆر کە بە گوژمەی یەک تریلیۆن و 88 ملیار دینار ئەنجامدراون. واتا کۆی گشتی ئەو پڕۆژانەی لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا لە پارێزگاکە ئەنجامدراون، 997 پڕۆژە بوون و بە گوژمەی دوو تریلیۆن و 123 ملیار دینار ئەنجامدراون.

لە ماوەی تەمەنی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە گوژمەی 486 ملیار دینار، 485 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە کەرتی رێگاوبان لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەنجامدراون.