شەڕی غەززە پێکدادانی هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر کردووە

شەڕی غەززە پێکدادانی هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر کردووە
شەڕی غەززە پێکدادانی هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر کردووە

K24 - هەولێر

تا دێت رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەبن، بەجۆرێک دۆخەکە دەکوڵێت و ئاگر و کاریگەرییەکانی شەڕ تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە.

هەموو ئەم رووداوانەش لە رۆژێکەوە دەستیانپێکرد، ئەوکاتەی بەرەبەیانی 7ی 10ی 2023 چەکدارانی حەماس هێرشیانکردە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل و زیاتر لە 1200 کەسیان کوشت و 240 کەسیش بە  بارمتە گیران.

 رۆژێک دواتر و لە 8ی 10ی 2023؛ بەرپرسانی ئێران رەتیانکردەوە دەستیان لە هێرشەکەی حەماسدا هەبووبێت، بەڵام تەواوی پشتیوانیان بۆ حەماس و گەلی فەڵەستین دووپاتکردەوە. هەر لە هەمان رۆژ حزبوڵڵای لوبنان هێرشەکانی بۆ سنووری باکووری ئیسرائیل دەستپێکرد.

رۆژی 9ی 10ی 2023ش بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبووەنەوەی لەگەڵ سەرۆکی شارەوانییەکانی ئەو ناوچانەی حەماس هێرشیکردبوونەسەر، رایگەیاند، "وەڵامی ئیسرائیل بۆ حەماس، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت". ئەمەریکاش راستەوخۆ پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕی و رۆژی 18ی 10ی 2023ش جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی ئیسرائیلی کرد.

رۆژێک پێشتریش بەهۆی پشتیوانیکردنیان لە ئیسرائیل؛ گرووپەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، کە ژمارەیەک گرووپی چەکداری شیعەن؛ هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا دەستپێکرد.

رۆژی 14ی 11ی 2023ش حوسییەکانی یەمەن بەڵێنیان دا هەر کەشتییەک لە دەریای سوور لە بەندەرەکانی ئیسرائیل نزیکببێتەوە، هێرشی بکەنەسەر. لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانیش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا، 25ی 12ی ،2023 هێزەکانی ئەمەریکا بە فەرمانی جۆو بایدن هێرشیانکردەسەر کەتایبی حزبوڵڵا لە عێراق.

 لەگەڵ بەردەوامی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسیش لە 3ی 1ی 2024 و لە رێورەسمی چوارەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی دوو تەقینەوە لە شاری کرمان روویاندا و ژمارەیەکی زۆر کوژرا و برینداری لێکەوتووەتەوە.

لەگەڵ بەردەوامی شەڕی ئیسرائیل و حەماسیش، تادێت دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر دەبێت، هیچ ئاسۆیەکیش بۆ کۆتاییهاتنی نییە.