سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: حەشدی شەعبی لە بەغدا بارەگاکانیان چۆڵدەکەن

هێزێکی حەشدی شەعبی - وێنە: ئەرشیف
هێزێکی حەشدی شەعبی - وێنە: ئەرشیف

K24 – بەغدا:

دوای هێرشە درۆنییەکەی ئەمڕۆی بەغدا، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە بەغدا لە ترسی دووبارە بە ئامانجگرتنەوەیان لەلایەن ئەمەریکاوە، بارەگانیان چۆڵدەکەن.

رۆژی پێنجشەممە (4ـی کانوونی دووەمی 2024) سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، لەلایەن سەرکردایەتی بەشێک لە هێزەکانی دەستەی حەشدی شەعبی، فەرمانی چۆڵکردنی بارەگاکانیان لە بەغدا دەرچووە، ئەمەش لە ترسی دووبارە بۆردومانکردنیان لە کاتژمێرەکانی داهاتوو.

دوای ئەوەی دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە (4ـی کانوونی دووەمی 2024) هێرشێکی درۆنی لیوای 12ـی بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا کردە ئامانج و لە هێرشەکەدا ئەبو تەقوای فەرماندەی لیواکە و چەند کەسێکی دیکە کوژران و برینداربوون.

لەلایەن خۆشیەوە، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، هێرشە درۆنییەکەی سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغدا خستە ئەستۆی هێزەکانی هاوپەیمانان و رایگەیاند، هێرشەکە "پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی و ئاسایشی عێراقە".

هەروەها بەرپرسێکی ئەمەریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: "سوپای ئەمەریکا لە بەغدا هێرشی کردە سەر بارەگای بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی، کە تاوانبارن بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە، هەروەها بەهۆی ئەو هێرشەوە فەرماندەیەکی ئەو بزووتنەوەیە کوژراوە".