جۆن بۆڵتن: به‌رده‌وامی هێرشی گرووپه‌كان ده‌بێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان
K24 – هەولێر:
راوێژكاری پێشووتری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئه‌گه‌ر هێرشه‌كانی گرووپه چه‌كداره‌كان به‌رده‌وام بێت، بارودۆخی عێراق و ئاڵۆزی زیاتری تێده‌كه‌وێت و ده‌بێته هه‌ڕه‌شه‌ش بۆ سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 4ـی كانوونی دووه‌می 2024) جۆن بۆڵتن، راوێژكاری پێشووتری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، هه‌موو ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست په‌یوه‌ندی به "ئایه‌توڵڵاكان"ـه‌وه هه‌یه و سیاسه‌تی ئێران تا ماوه‌یه‌كی زۆر روون نه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی هێرشه‌كانی حه‌ماسه‌وه بۆ سه‌ر ئیسرائیل له 7ـی ئۆكتۆبه‌ردا، سیاسه‌تی ئێران به ته‌واوه‌تی له ناوچه‌كه‌دا روون بووه، ئێستاش هه‌مان ئه‌و ئامانجه له عێراق و سووریا و شوێنه‌كانی دیكه‌ش له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه هه‌وڵی بۆ ده‌درێت.
جۆن بۆڵتن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌شێكی ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رووده‌دات كه ئێرانیان له پشته‌وه‌یانه، په‌یوه‌ندی به ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه هه‌یه.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، ئیداره‌ی جۆو بایدن ئاماده نییه هۆشداری بداته "ئایه‌توڵڵاكان" بۆ راگرتنی هێرشه‌كانی گرووپه چه‌كداره‌كان بۆ سه‌ر یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له هه‌رێمی كوردستان و عێراق. گوتیشی، وه‌ڵامه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر گرووپه چه‌كداره‌كان راسته‌وخۆ بۆ به‌رگریكردن و پاراستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه نه‌بووه.
راوێژكاری پێشووتری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختیشیكرده‌وه وه‌ڵامی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ سه‌ر گرووپه چه‌كداره‌كان و "ئایه‌توڵڵاكان" لاواز بوون و تا ئێستا هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا له ئاستی پێویستدا نییه تا بتوانێت رێگه له پلان و ئامانجی ئایه‌توڵڵاكان بگرێت.
بۆڵتن به پێویستیشی زانی حكومه‌تی عێراق فشاری زیاتری بخرێته سه‌ر و له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانه‌وه رابچڵه‌كێندرێت و نابێت ئه‌و وڵاته و ئایینده و چاره‌نووسه‌كه‌ی بخرێته ده‌ست گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێران.
راوێژكاری پێشووتری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت و نه‌توانرێت گرووپه چه‌كداره‌كان كۆنتڕۆڵ بكرێن، بارودۆخه‌كه به‌گشتی له عێراق ئاڵۆزتر ده‌بێت و به "مه‌لاكانی ئێران"ـیش كۆنتڕۆڵ ناكرێت و مه‌ترسیشه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، چونكه ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئێران له عێراق كۆنتڕۆڵی كردووه فراوانتر ده‌بێت و ده‌بێته هه‌ڕه‌شه‌ش بۆ سه‌ر قه‌واره‌ی له هه‌رێمی كوردستان.
شەوی (شەممە، 30-12-2023)، کاتژمێر 11:45 خولەک؛ بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا گوتی، "هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە".
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکێدا لەبارەی هێرشکەوە رایگەیاند: "نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین. بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم".
مەسرور بارزانی داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی کرد "بە کردەوە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بۆ هێرش بەکار دەهێنرێن".
هاوكات رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەزگا ئەمنییەکانی راسپاردووە "لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان" لە "هێرشە تاوانکارییەکەی" سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای هەولێر بکەن.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەی راسپاردووە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن. سوودانی هێرشەکەی بە "دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی عێراق" ناو بردووە و دەڵێت، هەوڵێکە "بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری" ناوخۆی عێراق.
رۆژی پێنجشەممە (4ـی کانوونی دووەمی 2024) سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، لەلایەن سەرکردایەتی بەشێک لە هێزەکانی دەستەی حەشدی شەعبی، فەرمانی چۆڵکردنی بارەگاکانیان لە بەغدا دەرچووە، ئەمەش لە ترسی دووبارە بۆردومانکردنیان لە کاتژمێرەکانی داهاتوو.
دوای ئەوەی دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە (4ـی کانوونی دووەمی 2024) هێرشێکی درۆنی لیوای 12ـی بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا کردە ئامانج و لە هێرشەکەدا ئەبو تەقوای فەرماندەی لیواکە و چەند کەسێکی دیکە کوژران و برینداربوون.
لەلایەن خۆشیەوە، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، هێرشە درۆنییەکەی سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغدا خستە ئەستۆی هێزەکانی هاوپەیمانان و رایگەیاند، هێرشەکە "پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی و ئاسایشی عێراقە".
هەروەها بەرپرسێکی ئەمەریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند: "سوپای ئەمەریکا لە بەغدا هێرشی کردە سەر بارەگای بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی، کە تاوانبارن بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە، هەروەها بەهۆی ئەو هێرشەوە فەرماندەیەکی ئەو بزووتنەوەیە کوژراوە".