هێرشی درۆنەکان عێراق بەرەو کوێ دەبات؟

هێرشە درۆنییەکان و ئاڵۆزییەکانی عێراق - گرافیک: کوردستان24
هێرشە درۆنییەکان و ئاڵۆزییەکانی عێراق - گرافیک: کوردستان24

K24 – هەولێر:

نزیکەی سێ مانگە هێرشی گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکان بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و ناوەڕاستی عێراق و رۆژئاوای کوردستان و سووریاش بەردەوامە و تا دواجار لە هەولێر باڵەخانەی مەدەنی و بنکەی پێشمەرگەش کرایە ئامانج.

بەگوێرەی دانپێدانانی گرووپەکان و سوپای ئەمەریکا، لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە زیاتر 150 هێرش لەلایەن گرووپە چەکدارە عێراقییەکانەوە کراوەتە سەر بنکە و ئامانجە دیاریکراوەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، کە حکومەتی فیدراڵی لە چەند لێدوانێکی فەرمیدا دووپاتی هەڵوێستی واشنتنی کردووەتەوە کە لەسەر داوای بەغدا لە عێراقن بۆ هاوکاریکردنیان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە (4ـی کانوونی دووەمی 2024) هێرشێکی درۆنی لیوای 12ـی بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا کردە ئامانج و لە هێرشەکەدا ئەبو تەقوای فەرماندەی لیواکە و چەند کەسێکی دیکە کوژران و برینداربوون.

ئەمە یەکەم کاردانەوەی سوپای ئەمەریکا نەبوو لەدژی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، بەڵکو لە (23ـی تشرینی دووەمی 2023) لە ناوچەی "جرف الصخر" لە باشووری رۆژئاوای بەغدا، سوپای ئەمەریکا بارەگایەکی کەتیبەکانی حزبوڵڵای سەر بە حەشدی شەعبی کردە ئامانج و هەشت چەکداری ئەو گرووپە کوژران.

هەروەها لە (3ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە شارۆچکەی دووبز کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شاری کەرکووک، سوپای ئەمەریکا بارەگایەکی بزووتنەوەی نوجەبای سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی کردە ئامانج و بەپێی راگەیەندراوی بزووتنەوەکە پێنج چەکداریان کوژرا.

لە (26ـی کانوونی یەکەمی 2023)ـش لە ناوچەی "جەزائیر"ـی شاری حللە لە پارێزگای بابل، جارێکی دیکە گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی کرانە ئامانج و زیاتر لە 20 چەکدار برینداربوون و رۆژێک پێشتریش لە ناوچەی "الفتح المبين"ـی ناحیەی تاجەددینی باکووری پارێزگای واست بەشێکی دیکە لە چەکدارانی حەشدی شەعبی کرانە ئامانج بەڵام لەبارەی زیانە گیانییەکانەوە هیچ ئاشکرانەکرا.

ئەوەی تایبەتیش بێت بە هێرشە درۆنییەکانی گرووپە چەکدارییە لەیاسادەرچووەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چەند هێرشێک ئەنجامدرا بەڵام زۆربەی هێرشەکان پوچەڵکرانەوە و ئامانجی خۆیان نەپێکا، لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیاریەتی راگرتنی ئەو هێرش و پەلامارانەی گرووپەکانی بۆ سەر دامەزراوە و ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی خستە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، رۆژی (2ـی کانوونی دووەمی 2024) کاتژمێر 9:52، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لەلایەن میلیشیا لە یاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە.

پێشتریش لە رۆژی (31ـی کانوونی یەکەمی 2023) کاتژمێر 16:54، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لە یاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە. لە کاتێکدا لە رۆژی 30ـی کانوونی یەکەمی 2023) بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایان کردبووە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر و هیچ زیانی گیانی نەبوو.

هەروەها رۆژی (27ـی کانوونی یەکەمی 2023) بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند: کاتژمێر 19:50، لە نزیک گوندی ئاشۆکانی سەر بە ناحیەی بەحرکە لە پارێزگای هەولێر، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە خرایە خوارەوە. هاوکات لە رۆژی (25ـی کانوونی یەکەمی 2023) کاتژمێر 16:03، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. هەر بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی دژەتیرۆری کوردستان: رۆژی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) کاتژمێر 18:05، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا و هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.

رۆژی (31ـی کانوونی یەکەمی 2023) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گرووپە لە یاسادەرچووانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بودجە و مووچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن، بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە هاتووچۆ دەکەن و چەک، مووشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان".

رۆژی (4ـی کانوونی دووەمی 2024) جۆن بۆڵتن، راوێژكاری پێشووتری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا بۆ کوردستان24 وەڵامەکانی ئەمەریکا بۆ هێرشی گرووپە چەکدارەکان بە لاواز وەسفکرد و رایگەیاند: وه‌ڵامه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر گرووپه‌ چه‌كداره‌كان راسته‌وخۆ بۆ به‌رگریكردن و پاراستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نه‌بووه‌ و بەردەوامی هێرشەکانیشی بە هەڕەشە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دانا.

ئەوەی تایبەتە بە هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵیش، لە هەردوو حاڵەتی هێرشی گرووپەکان و وەڵامدانەوەی سوپای ئەمەریکاش ئیدانەی هێرشەکان دەکات و بە تیرۆریستی وەسفیان دەکات، هەرچەندە بۆ بەغدا گرووپە چەکدارەکان ناسراون و فەرمین لە بازنەی حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە پەیکەری سەربازی سیستمی بەرگری عێراق بەڵام تاوەکو ئێستا راستەوخۆ پەنجەی تۆمەتی بۆ هیچ گرووپێک درێژنەکردووە، لە بەرامبەردا هێرشەکانی ئەمەریکا بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق ناوبردووە.

بەپێی بۆچوونی د. زوبێر رەسوول، مامۆستای زانکۆ لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان: "بە ئامانجگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە لە پیرمام و هێرشکردنە سەر هێزەکانی حەشد (نوجەبا) لەنێو بەغدا، گوزارشت لە ئاستێکی باڵاتری ململانێ دەکەن لە نێوان ئەمەریکا و ئێران، کە مەیدانە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان و عێراقە، ئەمە دوور نییە ئامادەکارییەک بێت بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، یان سەرەتایەک بێت بۆ فراوانتربوونی بەرەکانی ئەو جەنگە".

وەڵامدانەوەی ئەمەریکا بۆ هێرشەکانی حەشد لەنێو جەرگەی بەغدا و کوشتنی فەرماندەیەکی نوجەبا، دوای دوو رۆژ لە کوشتنی ساڵح عاروری، جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە بەیرووت لەلایەن ئیسرائیلەوە، ململانێکانی ناوچەکەی بردە قۆناغێکی دیکەوە. بەغدا هەرزوو هەستی بە مەترسییەکان کرد و ناوچەی سەوزی داخست و هێزە ئەمنییەکانیش دەستیان بە گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی توند لە پایتەخت کرد. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24ـیش لەلایەن سەرکردایەتی بەشێک لە هێزەکانی دەستەی حەشدی شەعبی، فەرمانی چۆڵکردنی بارەگاکانیان لە بەغدا دەرچووە، ئەمەش لە ترسی دووبارە بۆردومانکردنەوەیان لەلایەن ئەمەریکاوە.

غانم عابد، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنی لەمیانی بەشداری لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 جەختی کردەوە، حکومەتی عێراق شکستی هێناوە لە پاراستنی بێلایەنی خۆی لەنێوان هەردوو بەرەی گرووپەکان و ئەمەریکا و بەدووریشی نەزانی، لە ئەگەری بەردەوامی هێرشی گرووپە چەکدارەکان، ئەمەریکا بەشێکی دیکە لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بکاتە ئامانج.

لەبارەی فشارەکانی ئەمەریکاش بۆ سەر بەغدا، عەقیل تائی، توێژەر و پسپۆری ئەمنی بۆ کوردستان24 باسی لەوەکرد، ئەمەریکا لە دۆسیەی ئابووری فشار بۆ سەر عێراق دروستدەکات بۆ راگرتنی هێرشی گرووپەکان و گوتیشی: تەنیا بە چوونە دەرەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق، بەغدا و واشنتن دەتوانن پەیوەندییەکی ئاسایی و هاوسەنگ لەسەر ئاستی ئابووری دروست بکەن.

هاوکات عەدالەت عەبدوڵڵا، مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی لە بەرنامەی باسی رۆژ ی کوردستان24 کە سنوور ئالانی پێشکەشیکرد لەبارەی کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بە کارێکی زەحمەت دانا بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو گرووپانە لە لیستی تیرۆرن لەلایەن ئەمەریکا و گوتیشی: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ناتوانێت سوپای ئەمەریکا لە وڵاتەکەی دەربکات و بەهۆی بەردەوامی هەڕەشەکانی داعش تا ئێستا عێراق پێویستی بە ئەمەریکایە.

هەرچەندە عێراق بەفەرمی سەرکەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاندووە، بەڵام تەنها لەماوەی دوو ساڵدا ژمارەی ئەندامانی گرووپەکانی حەشدی شەعبی 116 هەزار کەس زیادیکردووە، لەبودجەی ساڵی 2021ـدا ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی بە 122 هەزار کەس دانرابوو، بەڵام بەپێی راپۆرتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە بودجەی ساڵی 2023ـدا ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی بۆ 232 هەزار و 75 کەس بەرزبووەتەوە.

بودجەی ساڵی 2023ـی دەستەی حەشدی شەعبی بریتییە لە سێ تریلیۆن و 468 ملیار و 754 ملیۆن دینار بۆ مووچەی چەکدارەکان و 58 ملیار و 148 ملیۆن دینار بۆ کەرەستە و کەلوپەل، شەش ملیار و 521 ملیۆن دینار بۆ خزمەتگوزاری و 14 ملیار و 578 ملیۆن دینار بۆ چاکردنی ئامێرەکان تەرخانکراوە کە دەکاتە رێژەی 30%ـی بودجەی بەرگری عێراق.