هاوار محەممەد: پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سیاسی كراوه‌

هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان
هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 – هەولێر:

بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان نیگەرانە لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژارنەکانی عێراق، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕوای وایە پرسەکە بە سیاسی کراوە، دواجار وەک ئەوەی قسەی لەبارەوە دەکرا، بەهۆی دواخستنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردن پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش دواخرا.

دواجار وەک ئەوەی پێشبینی دەکرا، دادگای فیدڕاڵی بیانووی دایە دەست کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخات، بیانووێکی دیکەی کۆمیسیۆن، تەرخاننەکردنی خەرجی بەڕێوەبردنی پرۆسەکەیە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق، ئەم بیانووانەش بڕوای بە پارتی نەهێناوە، بەڵكو گومانەکانی زیاتر بووە کە بابەتەکە بە سیاسی کراوە.

هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە زۆر نیگەرانین لەوەی کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەناکاو ئەو بڕیارەیدا کە ناتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەببات".

هاوکات راشیگەیاند، پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سیاسی كراوه‌.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ناتوانن لە 25ـی شووبات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن، لەهەمان کات داوای دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە دەکەن.

لەلایەن خۆیەوە هێمن ئەسکەندەر بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتوو، بە کوردستان24ــی گوت: تەواوبوونی وادەی یاسایی کۆمیسیۆن لەمانگی 7، هێشتا گومان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دروست دەکات.

بۆ جاری سێیەمە، وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە دادگای فیدڕاڵی لەسەر سکاڵای یەکێتی لەبارەی پرسی بازنەکانی هەڵبژاردن و کۆتاکان بڕیاروایە 21ـی ئەم مانگە بڕیاری خۆی بدات.