روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ: چەکدارانی سەر بە ئێران بنکەی عومەر و شەدادییان بۆردومانکرد

بنکەی سەربازیی شەدادی لە سووریا - وێنە: ئەرشیف
بنکەی سەربازیی شەدادی لە سووریا - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو، گرووپەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی دوو هێرشی جیایان لە سووریا کردووەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان و یەکێک لە هێرشەکانیش پوچەڵکراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، درەنگانی شەوی پێنجشەممە (4ـی کانوونی دووەمی 2024) گرووپە چەکدارەکانی مقاوەمەی ئیسلامی بنکەی عومەریان لە دێرزوور بۆردومانکردووە کە بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشی لێیە و ژمارەیەک برینداری لێکەوتەوە.

هەروەها رۆژی هەینی (5ـی کانوونی دووەمی 2024) روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە رێگەی سیستمی بەرگری ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، درۆنێک کە ئاراستەی بنکەی سەربازی شەدادی کرابوو، خراوەتە خوارەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکەن ئەو درۆنەش لەلایەن گرووپەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامییەوە ئاراستەی ئەو بنکەیە کرابێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی 1ـی کانوونی دووەمی 2024، روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرایکرد، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، بە درۆن و 11 مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر  بنکەیەکی سەربازیی سوپای ئەمەریکا لە کێڵگەی غازیی کۆنیکۆ لە دێرزوور.

لە بەرامبەریشدا، ئەو گرووپە چەکدارانەی ناوی لەخۆیان ناوە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە دوای هەموو ئەو هێرشانەی ئەنجامیانداوە رایانگەیاندووە، ئەو هێرشانە وەک وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و ئاماژەش بە بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی سوپای ئەمەریکا ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە 19ـی تشرینی یەکەمی 2023ەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی ناساندووە لە عێراق، 75 جار بنکەکانی ‌هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشیان لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا کردووەتە ئامانج.