دۆگڵاس ئۆلیڤانت: سوودانی هەوڵی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەدات

دۆگڵاس ئۆلیڤانت، پسپۆری ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمەریكای نوێ
دۆگڵاس ئۆلیڤانت، پسپۆری ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمەریكای نوێ

K24 - هەولێر:

پسپۆرێکی ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمەریكای نوێ، رایدەگەیەنێت؛ لە عێراقدا هەوڵی تۆڵەکردنەوە لە ئەمەریکا هەیە. گوتیشی: هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق لە وڵاتەکەن.

دۆگڵاس ئۆلیڤانت، پسپۆری ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمەریكای نوێ، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، شەڕی غەززە وایکردووە سیاسەتی دژەئەمەریکی فراوانتر بێت بە تایبەتی میلیشیاکان، بۆیە ئەو گرووپانە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، ئەمەش دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.

ئەو پسۆرەی ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمەریكای نوێ، دەڵێت: لە ناوخۆیی عێراق گرووپە چەکدارەکان دەیانەوێت تۆڵە لە ئەمەریکا بکەنەوە، میلیشیاکان سەرۆکوەزیرانی عێراقیان ناچارکردووە لێژنەیەک پێکبهێنێت، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر کۆتاییهێنان بەبوونی هێزی بیانی لە عێراق بدرێت.

دۆگڵاس ئۆلیڤانت، باسی لەوەکرد، سوودانی دەیەوێت هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق نەمێنن، وەک تاکە رێگەیەك بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان و هەژموونی خۆی لە ناوخۆی عێراق بپارێزێت.

ئەو پسۆرەی ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمەریكای نوێ، دەشڵێت: هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر داواکاری و بانگهێشتی فەرمی حکومەتی عێراق لە وڵاتەکەن، کاتێک حکومەتی عێراق ساڵی 2011 داوای دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکای کرد لەو وڵاتە، ئەوا ئەمەریکا رازی بوو، عێراقی جێهێشت.

گوتیشی: ئێستاش حکومەتی عێراق بە فەرمی داوای چوونەدەرەوەی ‌هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکات، ئەوا ئەمەریکا رازی دەبێت لە عێراق بچێتە دەرەوە.

دۆگڵاس ئۆلیڤانت، ئەوەشی خستەڕوو، "گرووپە چەکدارەکان هەندێک جار بە بیانووی بوونی بنکە و بارەگاکانی ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، کە لە راستیدا ئەمە بیناووێکی بێ مانایە، بەڵکو هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سەرەکی بوونی قونسوڵخانەی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانە.

ئەو پسۆرەی ئاسایشی نەتەوەیی لە  دامەزراوەی ئەمەریكای نوێ، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەنیا ئامادەیە بارەگاکانی خۆی بپارێزێت و بەرگەری لەخۆی بکات، ئامادە نییە بارەگای هیچ هێزێکی دیکە بپارێزێت، هەروەها ئامادە نییە لەبری هیچ هێزێکی دیکە شەڕ بکات.

ئه‌مڕۆ هەینی (5ـی کانوونی دووەمی 2024) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمێك كردووه‌، كه‌ بۆ ساڵیادی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی له‌ به‌غدا رێكخرابوو، له‌ گوتارێكدا رایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق توانا و ئاماده‌یی بۆ بڕیاری گونجاو له‌باره‌ی پاراستنی سه‌روه‌ری و سه‌قامگیری خاكی عێراقی هه‌یه‌.

گوتیشی: "دوای كۆتایی پاساوه‌كان، بوونی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق كۆتایی پێدێت، هەروەها هێرشی هاوپه‌یمانان بۆسه‌ر باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبی پێشهاتێکی مه‌ترسیداره‌".