ئەمەریکا 10 ملیۆن دۆلار بۆ زانیاری لەبارەی پێنج سەرکردە تەرخان دەکات

 K24 - هەولێر

ئەمەریکا 10 ملیۆن دۆلار دەدات بە هەر کەسێک کە زانیاری لەبارەی پێنج سەرکردەی حەماس هەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەر کەسێک زانیارییان لەبارەی پێنج سەرکردەی حەماس پێبدات کە بەرپرسن لە پارەدارکردنی بزووتنەوەکە، 10 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات پێدەدرێت.

ئاشکراکراوە، ئەو پێنج سەرکردەیە بریتین لە عەبدولباست حەمزە، عەمار کەمال، ئەحمەد سەدو جەهلەب، وەلید محەممەد مستەفا و محەممەد ئەحمەد عەبدولکەریم، کە ئەمەریکا بە "تیرۆریستی نێودەوڵەتی" وەسفیان دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەشکردووە، هەوڵ بۆ زانینی سەرچاوە داراییەکانی بزووتنەوەی حەماس و رێگیریکردن لە دەستکەوتنی تەکنەلۆجیای سەربازیی لەلایەن ئەو گرووپەوە دەدەن.

ئەمە لەکاتێکدایە سێ مانگە شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە بەردەوامە و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، ئەمەریکا بە پاڵپشتی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن لەو شەڕە.

لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، شەڕ لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، بەگوێرەی ئامارەکان ئێستا زیاتر لە 22 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی بەهۆی بۆردومانەکانی سوپاسی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژران.