تورکیا 15 کەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ مۆساد زیندانی دەکات

K24 – هەولێر

بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) وەزارەتی ناوخۆی تورکیا سزای زیندانیکردنی بەسەر 15 کەسدا سەپاند.

داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ، هەفتەی رابردوو لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی لە دژی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) 34 کەسی لە هەشت شاری تورکیا دەستبەسەر کرکردن، لەو ژمارەیەدا 26 کەسیان لە دادگای ئیستانبوڵ دادگایی کراون، لەنێویاندا 15 کەس بە تۆمەتی "سیخوڕی سیاسی و سەربازی'' سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە و 11 تۆمەتباری دیکەش ئازادکراون، هاوکات هەشت تۆمەتباری دیکەش بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوە رەوانەی دەزگای کۆچی تورکیا کراون.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پەیامێکدا لە پلاتفۆڕمی (ئێکس) رایگەیاندووە: "لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵەوە بە تاوانی سیخوڕی سیاسی یان سەربازی بۆ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل ئەنجامدراوە و لە کۆی 34 تۆمەتبار 15 تۆمەتبار دەستگیرکراون".

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر سەرۆکی هێزی ئاسمانی ناوخۆی ئیسرائیل، مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، بەرپرسانی حەماس لە تورکیا "دەکوژن". لە بەرامبەردا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ناڕەزایی خۆی لە دژی ئەو لێدوانە دەربڕی و رایگەیاند "ئیسرائیل باجێکی قورس دەدات".

دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە، پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل گرژیی زیاتری تێکەوتووە.