حزبوڵڵای لوبنانی باکووری ئیسرائیلی مووشەکباران کرد
K24 - هەولێر
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، 40 مووشەک لە لوبنانەوە ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کراون، هەروەها ئەو شانەیان کردووەتە ئامانج کە بەشداری هێرشەکەیان کردووە.
ئەمڕۆ شەممە، 6-1-2024، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا کە لە پلاتفۆڕمی تێلیگرام بڵاویکردۆتەوە، دەڵێت: 40 مووشەک لە لوبنانەوە ئاراستەی ناوچەی میرۆن لە باکووری ئیسرائیل کراوە، هەروەها گورزیان لەو کەسانە وەشاندووە کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە.
هەروەها حزبوڵڵای لوبنانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "چەکدارانی مقاوەمەی ئیسلامی" بە 60 مووشەکی جۆری جیاواز بنکەی کۆنترۆڵی ئاسمانی مێرۆنیان کردووەتە ئامانج و زیانی گیانی لێکەوتووتەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە وەڵامێکە بۆ کوشتنی سەرکردە شێخ ساڵح عاروری و هاوڕێکانی لە بەیروت".
ئێوارەی دوێنێ هەینی، شەڕ و پێکدادان و بۆردومان لە باشووری لوبنان روویدا، ئەمەش دوای دووەم وتاری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا "حەسەن نەسرولڵا" هات لەماوەی هەفتەیەکدا.
ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه 2ـی كانوونی دووه‌می 2024، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك به‌ری باشووری شاری به‌یروتی پایته‌ختی لوبنانی هه‌ژاند. لە تەقینەوەکەدا ساڵح عاروری جێگری سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و دوو كه‌سی دیكه كوژراون و 11 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوونه.
حزبوڵڵای لوبنانی پیش‌تر رایگەیاند، كووشتنی ساڵح عاروری جێگری سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه لە لوبنان، بێ "وەڵام و سزا تێناپه‌ڕێت".