شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

K24 - هەولێر

شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و سبەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ شەممە، 06-01-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، شاندی باڵای حکومەت گەیشتە بەغدا و سبەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی دەستپێدەکات. 

ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات. هەورامانی گوتیژی، ئامانجی سەردانەکە "گفتوگۆکردنە لەبارەی یاسای نەوت و گاز، ھەمواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ چارەسەرێکی ریشەیی کێشەی مووچە".

رۆژی شەممە (6ـی کانوونی دووەمی 2024) شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و خالید هادی چاوشلی و محەمەد شاکر راوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەک راوێژکارو بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، گەیشتنە بەغدا.

ئەم سەردانەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە‌غدا دەبێتە یەکەم سەردانی ساڵی 2024 بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانی ساڵی رابردوو لەبارەی پرسە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەتی پرسی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی.

هەروەها لە دواکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023، جەختکرایەوە لەوەی کە چاوەڕوانییان لە حکومەتی فیدراڵییە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ساڵی 2024 ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران تێکەڵی ناکۆکیيە سیاسی و پابەندییەکانی دیکە نەکات و مووچەخۆرانی هەرێمیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانيان لەکاتی خۆی وەربگرن.