چیرۆکی ئافرەتێکی عێراقی کە لە ترسی کوشتن هەڵات و لە لیتوانیا گیرسایەوە

K24 - هەولێر

ماڵپەڕی فەرمی تەلەفزیۆنی لیتوانیا چیرۆکێکی بڵاوکردەوە دەربارەی کچێکی عێراقی کە لە ماڵ و وڵاتەکەی خۆی هەڵاتووە بۆ ئەوەی لە "بڕیاری لەسێدارەدان" دەرباز بێت کە لەلایەن خێزانەکەیەوە بۆی دەرچووە، تا ئەو کاتەی خۆشەویستێکی لە کەمپەکانی کۆچبەری نایاسایی لە لیتوانیا دۆزییەوە.

مەڵپەڕەکە لە راپۆرتەکەدا رایگەیاندووە، نورا عێراقی کە لە تەمەنی 17 ساڵیدا بەزۆرە ملێ هاوسەرگیری کردووە، ژیان لەگەڵ پیاوێکی دڕندەی دوو ئەوەندەی تەمەنی خۆی، دواجار بڕیاری براکانی بۆ کوشتنی نورا بە پاساوی هەڵسوکەوتی نەشیاو، وەک سیناریۆی فیلمەکانی لێهات.

نورا و هاوسەری دووەمی سۆمەر، پێش گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان گەیشتنە لیتوانیا و دوای دوو ساڵ، لەو وڵاتە نیشتەجێ بوون و ئێستا کارێکی بازرگانی بەڕێوەدەبەن و زمانی لیتوانی فێردەبن و چاوەڕێی منداڵی دووەم دەکەن.

نورا لەلایەن هاوسەری یەکەمیەوە ئیهانە دەکرا بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیریان منداڵی نەبووە، ئەو ژنە عێراقییە لە تەمەنی 17 ساڵیدا بە ناچاری یەکەم هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی تەمەن 40 ساڵان کردووە.

نورا دەڵێت: "ئەمە لە عێراقدا باو بووە، هەندێکیان لە تەمەنی 14 ساڵیدا هاوسەرگیری دەکەن، من هاوسەرگیریم کرد و چووینە بەغدا و دوو ساڵ پێکەوە ژیاین".

دوای زەماوەندەکە، نورا لەگەڵ هاوسەرەکەی و خێزانەکەی ژیاوە و گوتی: لەو کاتەوە هیچ یادەوەرییەکی ئەرێنیم نییە، دەشڵێت: پیاوەکەی کەسێکی باش نەبووە، هەروەها حەزی لە دەرکەوتن و رەفتارەکانی من نەبووە، چونکە رەفتارەکانم منداڵانە بوون، ئەو منداڵی دەویست، بەڵام ئێمە منداڵمان نەبوو، مامەڵەی خراپی لەگەڵ کردم و لێیدام و سوکایەتی پێکردم.

هاوسەرگیرییەکی ناخۆشەکەی بە جیابوونەوە کۆتایی هات، بەڵام ئەمە ژیانی بۆ نورا ئاسانتر نەکرد، بە گوتەی خۆی، ژنی جیابووەوە لە کۆمەڵگەی عێراقیدا بە شەرمەزاری دادەنرێت.

نورا ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک گەڕامەوە، خێزانەکەم لێیان دام و سوکایەتییان پێکردم، چونکە بە تەڵاق گەڕامەوە و لە ماڵەوە مامەوە و رێگەم پێنەدرا بچمە دەرەوە.

جگە لەوەش، جارێکیان براکەی بینی لەگەڵ دراوسێیەکی قسە دەکات، ئەویش کاتێک نورا بەتەنیا بوو هاتە ماڵەوە، بەمەش ئاژاوەیەک سەریهەڵدا، کە نورا لێیدرا و لەمالەوە زیندانی کرا، چاوەڕێی ئەوە بوو خێزانەکەی کۆببنەوە و گفتوگۆ بکەن کە چی لێبکەن. دواتر پیاوانی ناو خێزانەکە بڕیاریان دا نورا بکوژن.

سۆمەر هاوسەری دووەمی  نورا رایگەیاند: "ژیانی سەخت بووە لە سوریا شتەکان جیاوازن ئێمە دەپرسین ئایا ژنەکە دەیەوێت هاوسەرگیری بکات یان نا".

نورا باس لەوەدەکات، "پیاوێک دەتوانێت ژنەکەی بکوژێت، ئەگەر ژنەکەی لە فەیسبووک یارییەک بکات یان بۆکسێکی چات بکات کە پیاوێکی تێدابووبێت".

بەڵام دایکی نورا ویستی کچەکەی رزگار بکات، بۆیە بە نهێنی تەلەفۆنێک و هەزار و 700 دۆلار و پاسپۆرتێکی پێدا. ئەو ژنە عێراقییە دەڵێت، نەیدەزانی بۆ کوێ بچم و چی بکەم، بۆیە بە تەکسی چووەتە بەغدا.

بەردەوام بوو لەسەر چیرۆکەکەی و گوتی: "لە پۆلیس و خێزانەکەم دەترسام، ئەگەر پۆلیس دەستگیری بکردایە دەیانتوانی بیگوازنەوە بۆ لای براکانی".

"پاشان بیستم خەڵک دەچنە بێلارووس، و لە بێلارووسەوە بۆ لیتوانیا وەک زۆرێک لە کۆچبەرانی دیکە، لە فەیسبووک ریکلامێکی نوسینگەی گەشتیاریم بینی بۆ گەیشتن بە ئەوروپا.

ڤیزە و گەشتەکەی نورا بۆ بیلارووس 500 دۆلاری تێچووە، پێیان گوتین دەچینە ئەوروپا، رەنگە لاتڤیا، رەنگە پۆڵەندا یان لیتوانیا، "گرنگ نەبوو دەچمە کوێ تەنها ویستوومە تا بتوانم بڕۆم".

ئەو تاکە ژن بوو لە گروپەکەدا، کە لە شاری مینسک، پاسەوانانی سنووری بیلارووس پارەکانیان مۆبایلەکانیان لێوەرگرتن، کە دواتر کۆچبەرەکان فڕێیان دا و پێیان وابوو بۆ چاودێریکردن بەکاردەهێنرێن.

نورا و سێ کۆچبەری دیکە شۆفێرێکیان بەکرێ گرت بۆ ئەوەی لە مینسکەوە بیانباتە سنووری لیتوانیا بە 200 دۆلار، نورا دەڵێت: دواتر شۆفێرەکە گروپەکەی لە سنوور بەجێهێشت و گوتی، بڕۆن بۆ ئەوێ. دەڵێت: درەنگ بوو، حەوت کاتژمێر بە پێ رۆیشتن. لە کۆتاییدا خەویان لێکەوت، تەنانەت نەیانزانی لە بێلارووسن یان لە راستیدا لە ئەوروپان، بە قیژەی سەگێکی پاسەوانی سنووری لیتوانیا لە خەو هەڵسان.

نۆرا و سۆمەری هاوسەری کە لە کەمپێکی کۆچبەران لە لیتوانیا یەکتریان ناسیووە، بەختیان باش بوو، چونکە هێشتا لیتوانیا لە هاوینی 2021دا کۆچبەرانی رەت نەدەکردەوە کاتێک گەیشتنە ئەو وڵاتە.

زۆرێک لە کۆچبەران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەشت دەکەن بۆ رووسیا و بیلارووس و ئۆکرانیا چونکە ناتوانن ڤیزەی یەکێتی ئەوروپا وەربگرن، سۆمەر هەروەها خوێندنی دەرمانسازی خوێندووە و لە چێشتخانەیەک لە شاری مینسک کاری کردووە و زیاتر لە 10 ساڵ لەوێ ژیاوە پێش ئەوەی بێتە لیتوانیا.

سۆمەر دەڵێت: "نەمدەویست بگەڕێمەوە بۆ سووریا، شەڕ لەوێ هەیە، ئەگەر بچومایەتەوە بۆ خزمەتی سەربازی وەردەگیرام"، دەشڵێت: ترسی ئەوەی هەبوو بیلارووس دیپۆرتی بکاتەوە بۆ سووریا، چونکە هاورێکانیان دیپۆرت کردبووەوە کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکان دژی دیکتاتۆری بێلاڕوس ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ کردبوو.

سۆمەر کاتێک گەیشتە لیتوانیا لەگەڵ نورا لە هەمان کەمپدا خۆی بینیەوە، ئەو بە زمانی رووسی قسەی دەکرد، بۆیە پاسەوانانی سنوور یارمەتی وەرگێڕانیان بۆ دا، بەو شێوەیە ئەو دوو هاوسەرە یەکتریان ناسی.

بەڵام زۆری نەخایاند ناچار بوون جیاببنەوە، نورا گواسترایەوە بۆ ناوەندی تۆمارکردنی بێگانەکان لە مەدینینکای، سۆمەریش بۆ پاپرادی، ئەو پیاوە سوورییە بەخێرایی مۆڵەتی مانەوەی لە لیتوانیا وەرگرت. بەڵام دۆخی نورا ئاڵۆزتر بوو، وەک زۆربەی عێراقییەکان مافی پەنابەری پێنەدراوە، چونکە لیتوانیا عێراق بە وڵاتێکی سەلامەت دەزانێت، بەو پێیەی هیچ شەڕێک لەوێ دا نییە.

نوراش لە کۆتاییدا مۆڵەتی مانەوەی خۆی وەرگرت، دوای ئەوەی تانە لە بڕیارەکە دەدات لە دادگا. پرۆسەکە دوو ساڵی خایاند.

سۆمەر دەڵێت: "پێنج مانگ لە کەمپی مەدینینکای مامەوە، پاستا و شوکولاتەم بۆ دەهێنا، هەروەها بە پارێزەرێک یارمەتیم دا بۆ ئەوەی مۆڵەتی مانەوە لە لیتوانیا وەربگرێت".