كاوه‌ مه‌حموود: سوپای عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای تائیفی دامه‌زراوه‌

كاوه‌ مه‌حموود، سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان
كاوه‌ مه‌حموود، سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان

K24 - هەولێر:

سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سوپای عێراق به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ بنه‌مادا له‌سه‌ر تێڕوانین و دیگایه‌كی تائیفی دروست بووه‌، بۆیه‌ سیفه‌تی سوپای ده‌وڵه‌ت و نیشتمانی تێدا نییه‌.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 6ـی كانوونی دووه‌می 2024) كاوه‌ مه‌حموود، سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 سه‌باره‌ت به‌ ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زراندنی سوپای عێراق له‌ 6ـی كانوونی دووه‌می 1921ـدا رایگه‌یاند، سوپای عێراق به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ بنه‌مادا له‌سه‌ر تێڕوانین و دیگایه‌كی تائیفی دروست بووه‌، بۆیه‌ سیفه‌تی سوپای ده‌وڵه‌ت و نیشتمانی تێدا نییه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ بۆ كورد هه‌رگیز گوزارشت له‌ سوپایه‌كی نیشتمانی ناكات به‌هۆی ئه‌وه‌ی نیشتمانی كورد، كوردستانه‌ نه‌ك عێراق.

سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و رووداوانه‌ی ئێستای عێراق به‌تایبه‌ت هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كی نه‌ورۆزی كوردنشین له‌ كه‌ركووك و چه‌ندینی دیكه‌، به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌و پڕۆسه‌یه‌ ده‌هێنێت كه‌ له‌ 2003ـوه‌ ناونراوه‌ پڕۆسه‌ی دووباره‌ بونیاتنانه‌وه‌ی عێراق، به‌ڵكو ئه‌مه‌ گه‌یشتنه‌ به‌ كۆتایی ئه‌و تونێڵه‌ی پێی ده‌گوترێت فیدڕاڵی له‌ عێراق.

كاوه‌ مه‌حموود باسی له‌وه‌ش كرد، پێشمه‌رگه‌ دیفاكتۆیه‌ و به‌ر له‌ پڕۆسه‌ی ئازادی عێراق له‌ 2003 و به‌ر له‌ دروستبوون و دامه‌زراندنی سوپای عێراق له‌ ساڵی 1921 بوونی هه‌بووه‌.

ناوبراو گوتیشی، كرده‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق و خودی سوپا وه‌ك دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌شێكه‌ له‌ پڕۆسه‌ سیاسییه‌كه‌ی عێراق، واته‌ هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ دادگا و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ و هه‌مووان له‌لایه‌ن یه‌ك تێگه‌یشتن و یه‌ك عه‌قڵیه‌تییه‌وه‌ به‌ڕیوه‌ده‌بردرێن و نادامه‌زراوه‌ییه‌كی روون له‌ به‌ڕێوه‌بردنیاندا هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ سه‌باره‌ت به‌ بوودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆكوه‌زیران رازی بێ، وه‌زیری دارایی رازی نابێت، وه‌زیری دارایی رازی بێت، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رازی نابیێت، ئه‌و رازی بێت بانك رازی نابینێت، كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش گوزارشت له‌ نادامه‌زراوه‌یی ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌كه‌ن.

سوپای عێراق لەسەردەمی پاشایەتی و لە شەشی كانوونی دووەمی 1921 دامەزراوە، ساڵانە یادی ئەو رۆژە دەكرێتەوە و لە عێراق پشووی فەرمییە. لە سەرەتای دامەزراندنیدا تەنیا سوپای پیادە بووە دواتر هێزی ئاسمانیی عێراق له‌ ساڵی 1931 و هێزی ده‌ریاییش له‌ ساڵی 1937 دامەزران.

سوپای عێراق‌ له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراوه‌ بەشداری چەندین شەڕ و ململانێی ناوخۆ و كودەتای كردووە، كه‌ دیارترینیان جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران، جەنگی داگیركردنی كوەیت، جەنگی كەنداو، شەڕی شۆڕشەكانی كورد، کیمیابارانکردنی هەرێمی کوردستان و ئەنفالکردنی کورد و سەركوتكردنی راپەڕینی پارێزگاكانی باشووری عێراقی لە ساڵی 1991 بووه‌.