سیپان شێروانی: دەمانەوێ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی دارایی هەرێمی کوردستان بێت

سیپان شێروانی
سیپان شێروانی

K24 – هەولێر :

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پرسی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە ئاماژە بەوە دەکات، نایانەوێت هەمووارکردنەوەی یاسای بودجە بۆ رازیکردنیان ئەنجام بدرێت، بەڵکو دەیانەوێت پرسی هەموارکردنەوەکە ئامانجەکەی چارەسەرکردنی کێشەی دارایی هەرێمی کوردستان بێت.

ئەمڕۆ شەممە(6ی کانوونی دووەمی 2024)، سیپان شێروانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەڵگرتنی وشەی خەرجی راستەقینەیە لە پرسی بودجەدا، دەڵێت:  کێشەی دیکە لە پرسی بودجەدا هەیە و، ئەگەر هەموارکردنەوە لەپێناو رازیکردن بێت، نابێتە چارەسەر، مەگەر ئامانجەکە چارەسەرکردنی کێشەی دارایی هەرێمی کوردستان بێت، ئینجا دەتوانین بڵێین هەموارێکە بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان.

ئەو ئەندام پەرلەمانە ئاشکرای دەکات، لە یاسای کارگێڕی دارایی، لە ماددەی یەکەم پێناسەی دەستەواژەکان کراوە، باسی خەرجی کراوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک باسی خەرجی راستەقینە نەکراوە، دەڵێت: ئەو وشەیە نا یاسایی و نا دەستوورییە.

لەبارەی ئەگەری دەنگدان لەسەر پرسی هەمووارکردنەوەی یاسای بودجە، سیپان شێروانی گوتی: هێشتا پرسی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە نەهاتۆتە پەرلەمان بۆ ئەوەی بزانین کامە فراکسیۆن لەگەڵە و کامە لەگەڵی نییە، چونکە هەموارکردنەوەکە پێویستی بە پەسەندکردنی زۆرینەی پەرلەمان هەیە، دەشڵێت: بەپێی ئەو یاسایە، بەشی هەرێمی کوردستان دەبێتە دوو بەش،بەشێکی مووچەی خەڵکی کوردستان کە چەسپاوە و پەیوەندی بە خەرجی راستەقینەوە نییە، ئەوەی دیکە خەرجی وەبەرهێنان و تەشغیلییە، ئەوەش هەر لەسەر خەرجی راستەقینە دەمینێتەوە، سیپان پێداگری دەکات لەوەی ئەگەر وشەی( راستەقینە) لە یاساکە لانەدرێت، کێشەکان بەردەوام دەبن.

دەڵێت: ئەو بودجەیە بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێنراوە، لەسەر هەندێ شت رێکەوتنمان کرد، بەڵام هەندێ شتی دیکە پەسەندکرا.

لەبارەی چارەسەری کێشەکانیش، سیپان شێروانی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی، چارەسەرەکە بۆ کێشەی بودجەی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، بگەڕێینەوە سەر کۆبوونەوەکانی پێشوو لەگەڵ حکومەتی عێراقی کە رێککەوتن کراوە لەسەر پرسی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا وشەی راستەقینە هەڵبگیرێت، ئەگینا پرسی داهاتی نا نەوتی، کێشەی دیکەش ئە هەژمار بانکیەکە کە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە دادەنرێت، لەگەڵ پرسی داهاتی نەوتی دەبنە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان.