هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر و ئەنبار مەشقی سەربازییان ئەنجامدا

ژمارەیەک سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی عەین ئەسەد - وێنە: ئەرشیف
ژمارەیەک سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەی عەین ئەسەد - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، مەشقی سەربازییان بۆ پاراستنی هێزەکانیان لە نزیک هەولێر و خالیدییە لە پارێزگای ئەنبار ئەنجام دەدەن.

رۆژی شەممە (6ـی کانوونی دووەمی 2024) هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "رۆژی شەممە هێزەکانیان لە نزیک هەولێر و خالیدییە لە پارێزگای ئەنبار مەشقی ئۆپراسیۆنی بەرگری ئاسمانی، زەمینی و بنکەکانیان ئەنجامدا بۆ جێگیرکردنی سیستمی چەکەکان و بەردەوامیدان بە لێهاتوویی و ئامادەیی تیمەکانیان".

لە راگەیەندراوەکەی هاوپەیماناندا هاتووە: ئەم جۆرە مەشقانە بۆ دڵنیاییدانە لە بەردەوامی توانای هاوپەیمان بۆ پشتیوانیکردن لە هێزە هاوبەشکان و سەربازانی هاوپەیمانان.

هەروەها هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، پێش دەستپێکردن و لە کاتی مەشقەکەشدا، پلانی تۆکمە و رێوشوێنی سەلامەتی بۆ پاراستنی هاوپەیمانان و خەڵکی خۆجێیی ناوچەکان گیراونەتەبەر.

ئەم مەشقە سەربازییەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و ئەنبار لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوو لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکانەوە بەردەوام هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، هەریر و عەین ئەسەد.