کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی دەستپێدەکات

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا 6/1/2024
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا 6/1/2024

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەستپێدەکات.

دوێنێ 6ی کانوونی دووەمی 2024، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و خالید هادی چاوشلی و محەممەد شاکر راوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەک راوێژکارو بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، سەردانی بەغدایان کرد.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی دەستپێدەکات.

وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لەسەر ئاستی هەردوو سەرۆکوەزیران هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگای هەمواکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024، بڕیارە شاندی هەرێم لە بەغدا چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق ئەنجام بدەن، هەروەک یاسای نەوت و گازو چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی شاندی هەرێمن لە گەڵ بەغدا.