ئەکتەرێکی کورد بەشداریی ژمارەیەک فیلمی هۆلیوود دەکات

"سینەما بۆ ناساندنی شوناسی من گرنگە"
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

هەیمەن هۆمەر، ئەکتەری ئەمەریکی بەڕەچەلەک کوردە دەڵێت: سینەما گرنگە بە ناساندنی شوناسی من وەکو کوردێک، کە زیاتر لە 100 ساڵە کوردستان دابەشکراوە، نەتەوەی کورد هەردەم لەژێر هەڕەشە و فشاری نێودەوڵەتیی دەوروبەر بووە، بۆ ئەوەی ناسنامەی کورد بشاردرێتەوە.

هەیمەن هۆمەر، ئەکتەری ئەمەریکی بەڕەچەلەک کورد لە دایکبووی شاری هەولێر، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەیانی24، بە کوردستان24ـی گوت: "لە تەمەنی 15 ساڵییەوە حەزم بۆ فیلم هەبووە، کاریگەری چەند ئەکتەرێکی کوردم لەسەر بووە، کە ئایا سینەما چەند گرنگە بە ناساندنی شوناسی من وەکو کوردێک، کە زیاتر لە 100 ساڵە کوردستان دابەشکراوە، ئەو کولتوور و نەتەوایەتییەی کورد هەردەم لەژێر هەڕەشە و فشاری نێودەوڵەتیی دەوروبەر بووە، بۆ ئەوەی ناسنامەی کورد بشاردرێتەوە".

گوتیشی: "لە تەمەنی هەرزەکارییەوە هەستم کردووە سینەما چەندە گرنگە لە جیهاندا، کە شوناسی خۆم وەک هەبوونی خۆم بگەیەنمە هەموو جیهان، راستە من هاووڵاتییەکی ئەمەریکم، بەڵام بە خوێن من هەر کوردم، بۆیە هەمیشە لایەنەکەی خۆمم گرتووە وەک کورد، بۆ هەرکارێک کە دەیکەم لایەنێکی کوردی دەبێت لەگەڵدا بێت".

هەیمەن هۆمەر، دەڵێت: "وەک دەستپێکێک حەزم کردووە وەک ئەکتەرێک لەسەر ئاستی جیهانی کاربکەم، ئەوەش تێکۆشانی زۆری دەوێت، ئەرکی من قورستر بووە، کە مرۆڤ دەچێتە وڵاتێکی نوێ، دەبێت لە سفرەوە لەخۆیەوە دەستپێبکات، کاتێک کە من چووم بۆ ئەوێ پشتگیرییەکی ئەوتۆم نەبووە هەموو دروستکردنەکانم لەخۆمەوە بووە".

هەیمەن هۆمەری ئەکتەر خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی سەلاحەدین بەدەستهێناوە، تاکە کوردە تا ئێستا کە رۆڵی پێغەمبەر عیسای پێدراوە.