لە رێگەی پەرلەمانەوە هەوڵ بۆ 'دەرکردنی' هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەدرێت

هێزەکانی ئەمەریکا لەنێو عێراق (وێنە: AFP)
هێزەکانی ئەمەریکا لەنێو عێراق (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

گروپە چەکدارەکان لە رێگەی راگەیەندراوەکانیانەوە هانی دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەدەن. بەشێکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانیش بە کۆکردنەوەی واژوو دەیانەوێت کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بهێنن.

فراکسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عێراق کە بە باڵی سیاسی گرووپی عەسائیب ئەهلی حەق ناسراون؛ پشتیوانی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە وڵاتە دەربڕی. هاوکات هەڵمەتێکی واژوو کۆکردنەوەشیان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە پەرلەمان دەستپێکردووە، تا ئێستا زیاتر لە 50 واژوویان کۆکردووەتەوە.

هاوکات، بزووتنەوەی نوجەبا کە سەر بە حەشدی شەعبییە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا بوونی ئەمەریکا بە "هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی عێراق" ناودەبات.

بزووتنەوەکە داواش دەکات، رێگری لە دەستوەردانی ئەمەریکا لە کاروباری ناوخۆیی عێراق بکرێت، چونکە هەبوونی ئەو هێزانە بە هۆکاری لاوازبوونی سوپای عێراق دەزانن.

بەشێک لە چاودێران پێیانوایە دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئاسان نابێت، چونکە ئەو هێزانە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ستراتیژی لە عێراقن.

ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، رێککەوتنی ساڵی 2008ـی نێوان ئەمەریکا و عێراق رێگە بەدەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا بەئاسانی لە عێراق نادات، چونکە پرۆسەکە پێویستی بە دانوستانێکی درێژخایەن هەیە کە رەنگە پێنج ساڵ بخایەنێت، ئەوەش واتە دەکەوێتە دوای کۆتاییهاتنی وادەکەی محەممەد شیاع سوودانی وەک سەرۆکوەزیران.

 هاوکات، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق راپۆرتێکیان ئاراستەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان کردووە و تێیدا دەکات رێکاری پێویست سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش بگرێتەبەر.

لە ئەگەری کشانەوەیان؛ دەبێتە دووەم جار هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکێشێنەوە. بەو پێیەی ساڵی 2003 ئەمەریکا سەربازەکانی ناردە عێراق و ساڵی 2011 کشاندنییەوە، بەڵام جارێکی دیکە و لەساڵی 2014 لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش هێزەکانی گەڕاندەوە عێراق.