فەهمی بورهان: وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچیمان پێبکرێت بۆ دانیشتوانی خۆمان لە کەرکووک دەکەین

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووین تاوەکو پشتیوانی خۆمان بۆ دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز لەکەرکووک رابگەیێنین.

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەستوەردانی سوپای عێراق لەکێشەکانی گەرەکی نەورۆز لە کەرکووک جێگەی نیگەرانی قوڵی ئێمەیە، هەروەها پێچەوانەی دەستوور و پێکەوژیانی ئاشتییانەیە، چونکە ئەگەر سوپا یان پۆلیس هەرقسەیەکیان هەبێت دادگا هەیە ئەتوانن لەو رێگەیەوە سکاڵای خۆیان بکەن.

بورهان گوتیشی: ئەوەی بەخەڵکی ئێمە و دانیشتوانی ئەو گەڕەکە کراوە، لەناو گوتارەکانی حکومەتی عێراق جێگای نابێتەوە کە بەرامبەر بە پێکەوەژیان هەیبووە، بۆیە ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووین تاوەکو پشتیوانی خۆمان رابگەیێنین، هەروەها هەرچی لەسەرمان پێویست بێت دەیکەین بۆ ئەوەی ئەوکەیسە لەدادگا بجولێنین و ئەو کێشەیە بەشێوەیەکی یەکجارەکی چارەسەر بکەین.

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان راشیگەیاند، دەبێت هەوڵ بدرێت کە سوپا دەستوەردان لە کارێک نەکات کە کاری ئەو نییەم چونکە ئەرکی سوپا بریتییە لە پاراستنی ئاسایشی شار و سنوورەکان، ئەوە ئەرکی پۆلیسە بەدەم ئەوکێشانەوە بێت و لەگەڵ هاووڵاتیان کێشەکان چارەسەر بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچیمان پێبکرێت بۆ دانیشتوانی خۆمان دەیکەین، چونکە بەکار و وەزیفەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئەزانین، بۆ ئەوەی چیدیکە نەهێڵین ئەو کێشانە رووبەرووی خەڵکی ئێمە ببێتەوە لە کەرکووک.

رۆژی پێنجشەممە (4ـی کانوونی دووەمی 2024)، سوپای عێراقی بەهەمەڕ و سەربازیی زۆرەوە، هەڵیکوتایە سەر ماڵە کوردەکانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک، هەوڵیدا ئەو 130 خانووە دەستبەسەردا بگرێت کە نزیکەی 20 ساڵە کورد تێیدا دەژیت.

هاوکات نوێنەری شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەنێو هاووڵاتیانی گەڕەکی نەورۆز بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەیەکەم کاتەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر کێشەی کوردانی گەڕەکی نەورۆز قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد،  سوودانیش بڕیاریدا سوپاکە بکێشنێتەوە.