دانا جەزا: بڕیاری کۆتایی حکومەتی عێراق لای سوودانی نییە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

دانا جەزا، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: بڕیاری کۆتایی حکومەتی عێراق لای سوودانی نییە، بەڵکو هەندێک لایەنی سیاسی لە پشت بڕیارەکانەوەن، بۆیە رێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق جێبەجێ ناکرێن.

دانا جەزا، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، گوتی: "پرسی بودجەی و مووچەی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە چەندین پرسی دیکە کراوە، زۆرجار لە بەغدا باسی دەستوور دەکرێت، ئەگەر لە هەموو عێراق کار بە دەستوور بکرێت ئەو کێشانە دروست نابن، هەروەها هەر جارە و یاسایەکی لاستیکی بۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان باس دەکەن و بە دڵی خۆیان دەیهێنن و دەیبەن، بابەتێکی دیکە ئەوەیە ئەو پرسە تێکەڵ بە مەلەفی سیاسی کراوە و هەموو جارێک سوو قازانجی لێدەکەن".

گوتیشی: "ئەو رێککەوتنەی بە ئامادەبوونی هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کراوە، دوبوایە لەسەر بنەمای یاسایی شۆڕکرابایەوە بۆ هەموو دامەزراوەکانی بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە وەکوخۆی جێبەجێ بکرێت و مافەکانی هەرێمی کوردستان کە لە یاسای بودجە هاتووە جێگیر بکرێت".

دانا جەزا، ئاماژەی بەوەشدا: "روونە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق خاوەن بڕیاری کۆتایی نییە، بەڵکو لایەنە سیاسییەکان لە پشت بڕیارەکانەوەن، کە ئەمەش جۆرێکە لە ململانێی سیاسی".

سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق، ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: "یاسای بودجە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نا بەڵکو بۆ حکومەتی عێراقیش کێشەی هەیە و کێشەی بۆ زۆر لە وەزارەت و دامەزراوەکانی عێراق دروستکردووە، بۆیەش دەیانەوێت یاساکە هەموار بکرێتەوە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ هەوڵبدات قازانج لەو بابەتە بکات بەتایبەتی ئەو ماددانەی کە پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان".

ئەوەشی خستەڕوو: "دەبێ هەرێمی کوردستانە لە رێگەی کەناڵی یاسایی و پەرلەمانی و فشاری سیاسییەوە هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی بدات، ئەمەش بە یەک و دوو حزب ناکرێت، بەڵکو دەبێ هەموو نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران یەک دەنگ و یەکهێزبن، بۆ ئەوەی بتوانن فشار بکەن، ئەگەر لە رابردوودا یەکدەنگ باین، ئێستا دۆخەکە بەجۆرێکی دیکە بوو. هەروەها دەبێ لە رێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان فشار بخرێتە سەر بەغدا کە یاسا و دەستوور وەکوخۆی جێبەجێ بکرێت".