ساڵی رابردوو رێژەی لەدایکبوون لە هەولێر کەمیکردووە

K24 - هەولێر

بەرپرسی ئاماری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوون لە هەولێر رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا رێژەی منداڵبوون لە سنووری هەولێر کەمیکردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2024، کەژاڵ شاکر، بەرپرسی ئاماری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوون لە هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: "لە دایکبوو لە ساڵی 2023، بە بەراورد بە ساڵی 2022 رێژەی منداڵبوون لە هەولێر کەمیکردووە، ساڵی رابردوو 19 هەزار و 62 منداڵ لە دایکبوونە، لەو ژمارەیە نۆ هەزار و 693 منداڵ کوڕ بوون و نۆ هەزار و 369 کچ بوون، شەش هەزار و 492 منداڵ بە نەشتەرگەری لەدایکبوون 12 هەزار و 570 منداڵیش بە سرووشتی لەدایکبوون".

گوتیشی: "لە ساڵی 2022 رێژەی لەدایکبوون زۆرتر بوو کە 20هەزار و 756 منداڵ لە دایکبوونە، لەو ژمارەیە 10هەزار و 504 منداڵ کوڕ بوون 10 هەزار و 252 کچ بوون، شەش هەزار و 725 منداڵ بە نەشتەرگەری لەدایکبوون و 14 هەزار و 31 منداڵ بە سرووشتی لەدایکبوون".

راشیگەیاند: "زۆرترین رێژەی منداڵبوون لە کوردستان هاووڵاتی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستانن، دواتر ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستانن".

لای خۆیەوە کارزان محەممەد، لە بەشی تۆماری لەدایکبوون لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لە دایکبوونی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "زۆرترین ناو بۆ ساڵی 2023، بۆ کوڕ ناوی "محەممەد و ئارین" بووە، بۆ کچیش ناوی "ئەلینا و لیا" بووە".

راشیگەیاند: "زۆرترین ناو بۆ منداڵە تازە لەدایکبووە ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆ کوڕ "ئادەم" بۆ کچیش "نور و براء" بووە، بەشێک لەو منداڵە تازە لە دایکبووانەی مەخمووریش کە ناویان تۆمار کراوە بۆ کچ "عائیشە" بۆ کوڕیش" عەلی و مستەفا" تۆمار کراوە.

پزیشکێک کە نەیویست ناوی بنووسرێت، بە کوردستان24 گوت: "بۆ بەروارە جوانەکان، رێژەیەکی بەرچاوی منداڵ لە بەرواری 2/2/2022 و، 3/3/2023 بە نەشتەرگەری لەدایکبوون"، ساڵی رابردوو وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بەبێ بڕیاری لیژنەی پسپۆر لە نەخۆشخانەکان شتەرگەری بۆ ئافرەتانی دووگیان قەدەغەیە، بە مەبەستی هەڵبژاردنی بەرواری جوان بۆ لەدایکبوونی منداڵەکانیان".

بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوون ئەمساڵ لە 1/1/2024 تەنیا دوومنداڵ لەو نەخۆشخانەیە بە نەشتەرگەری لەدایکبوونە، کە هەردووکیان کچ بوون 17 منداڵی دیکەش بە سرووشتی لەدایکبوون کە 5 کورد بوون، 12شیان کچ بوون.

ئا: لاڤین عومەر