شەڕی ئیسرائیل و حەماس سێ مانگی تێپەڕاند؛ نزیکەی 24 هەزار کەس کوژراون

پاشماوەی جەنگی غەززە
پاشماوەی جەنگی غەززە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێ مانگ بەسەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس تێدەپەڕێت. بەگوێرەی ئامارەکان؛ ژمارەی کوژراوان لە ئیسرائیل و کەرتی غەززە 23 هەزار و 800 کەسی تێپەڕاندووە. دەیان هەزار کەسی دیکەش بریندارن.

دروست سێ مانگ بەسەر دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس تێدەپەڕێت. شەڕ بەردەوامە و ئیسرائیل ئامانجییەتی لە کەرتی غەززە کۆتایی بە حەماس بهێنێت.

دانیال هاگەری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەوە 8 هەزار چەکداری حەماس کوژراون و چاویان لەوەیە لە ناوەڕاست و باشووری غەززەش کۆتایی بە حەماس بهێنن.

هاگەری گوتی: "بەگشتی لە دەستپێکی شەڕەوە لە باکووری غەززە، نزیکەی 8 هەزار تیرۆریستمان کوشتوون و نزیکەی 30 هەزار چەکیش دەستیانبەسەردا گیراوە. لە باکووری غەززە کۆتاییمان بە چالاکییە سەربازییەکانی هێناوە و ئێستاش سەرنجمان لەسەر ناوەڕاست و باشووری غەززەیە. "

لەم سێ مانگەدا چەندین رووداوی گرنگ لە غەززە و ناوچەکە روویاندا و کاریگەرییان لەسەر تەواوی ناوچەکە و جیهانیش هەبوو.

لە 7ی 10ی 2023 چەکدارانی حەماس لە ئاسمان، دەریا و زەمین هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل. لە 9ی 10ی 2023ش سوپای ئیسرائیل بە تەواوی غەززەی گەمارۆدا و ئامادەکاری کرد بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کەرتی غەززە.

 لە 18ی 10ی 2023، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی  ئیسرائیلی کرد و پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە. لە 14ی 11ی 2023ش حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، هەر کەشتییەک لە دەریای سوور نزیکبێتەوە لە بەندەرەکانی ئیسرائی هێرشیدەکەنەسەر.

لە 24ی 11ی 2023ش بە نێوەندگیری قەتەر 7 رۆژ ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس راگەیەندرا و زیاتر لە 400 بارمتە و زیندانی فەڵەستینی ئاڵوگۆڕکران. لەو سێ مانگەشدا تاوەکو ئێستا لە غەززە زیاتر لە 22 هەزار و 600 کەس کوژراون و لە ئیسرائیلیش ژمارەی کوژراوان 1200 کەسیان تێپەڕاندووە، بە دەیان هەزاری دیکەش بریندارن.

 پێگەی میدڵ ئیست ئای بەریتانیش بڵاویکردووەتەوە، ئێستا ئیسرائیل لەگەڵ حکومەتی چاد و رواندا لە گفتوگۆدایە تاوەکو ئەو ئاوارە و پەنابەرانی فەڵەستین رەوانەی ئەو دوو وڵاتە بکەن.