موراد کوروم دەبێتە رکابەری ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ

موراد کوروم و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو
موراد کوروم و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو

K24 – هەولێر:

ئەردۆغان ناوی 26 کاندیدی ئاکپارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا راگەیاند کەوا بڕیارە لە 31ـی ئاداری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و کاندیدی ئاکپارتیش بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ موراد کورومە و دەبێتە رکابەری ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی سەرۆکی شارەوانی ئێستای ئیستانبوڵ و کاندیدی جەهەپە.

رۆژی یەکشەممە (7ـی کانوونی دووەمی 2024) لە رێورەسمێکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە ئیستانبوڵ ناوی 26 کاندیدی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان راگەیاند.

ئەردۆغان لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد: "ئەزموونی ئێمە لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان شتێکی نوێ نییە و پێشتر سەلماندوومانە، بۆیە بە دەنگدەرانمان دەڵێین، ناچارنیت دەنگ بەوانیتر بدەن، دەنگ بە ئێمە بدە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە شارەکەت رووبدات. هیچ کەسێک ناچار نییە دەنگ بە کەسانێک بدات کە لە بنەڕەتدا ناتوانن خزمەتی خەڵک بکەن".

هاوکات دوای گفتوگۆ و دەنگۆیەکی زۆر، کاندیدی ئاکپارتی بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ راگەیەندرا و موراد کوروم، وەزیری پێشووی ژینگە و شارسازی تورکیا وەک کاندیدی ئاکپارتی بۆ هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئادار لە ئیستانبوڵ دەستنیشانکرا.

ئەردۆغان لە راگەیاندنەکەی ئەمڕۆیدا، کاندیدانی ئاکپارتی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی 26 شارەوانی راگەیاند کە چوار شارەوانییان لە باکووری کوردستانن و هەمان ئەو کەسانەشی کاندید کردووەتەوە کە ئێستا لە پۆستەکانیان. هەروەها لەو 26 شارەوانییەی راگەیەندراوە، 11 شارەوانییان شاری گەورەن و 15 شارەوانیشیان شاری بچووکن و بڕیاریشە لە داهاتوویەکی نزیکدا کاندیدی ئاکپارتیش لە ئەنقەرە لە رێورەسمێکی تایبەتدا لەو شارە لەلایەن ئەردۆغانەوە رابگەیەندرێت.

کاندیدەکانی ئاکپاتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەم شێوەیەیە: (محەممەد کۆجەتەپە – ئارتڤین، مستەفا ساڤاش – ئایدن، یوجێل یلماز، بالیکێسیر، ئەرداڵ ئاریکان – بینگۆڵ، نەسروڵڵا تانغلای – بیتلیس، عەلی نور ئاکتاش – بورسە، جولیدێ ئیسکێندەرئۆغڵو – چاناکاڵێ، حوسێن فیلیز – چانکیری، عوسمان زۆلان – دێنیزلی، فاروق ئۆزلو – دوزجە، بێلگین ئیبا – ئەدرنە، شاهین شەریفئۆغڵولەری – ئیلازیغ، محەممەد سێکمێن – ئەرزروو، نەبی خەتیبئۆغڵو – ئێسکیشەهیر، ئایتێکین شێنلیکئۆغڵو – گیرەسون، شوکرو باشدەغیرمێن – ئیسپارتا، یەحسین باباس – کاستامۆنو، تاهیر بویوکاکین – کۆجەیلی، ئایدن ئایایادین – موغلا، حیلمی گولەر – ئۆردو، رەحمی مەتین – ریزە، هالیت دۆغان – سامسون، یاقوب ئوچونجوئۆغڵو – سینۆپ، ئەیوب ئیرۆغڵو – تۆکات، مستەفا توتوک – یەڵۆڤا، موراد کوروم – ئیستانبوڵ).

بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.

هەردوو پاتی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لە تورکیا بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2024ـیش پێکەوە بەشداری بکەن و بەگوێرەی ئەو نەخشەرێگەیەی پێشتر رایانگەیاندووە، ئاکپارتی لە هەوڵی قەرەبووکردنەوەی دۆڕانەکەیەتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2019 کە هەردوو شارەوانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرەی بەرامبەر جەهەپە دۆڕاند.

ئاکپارتی و مەهەپە لە 30 شارەوانیدا هاوکاری یەکتر دەکەن و رێککەوتوون کە ئاکپارتی لە 28 شارەوانی گەورەدا کاندیدی هەبێت و مەهەپە بۆ دوو شارەوانی گەورە کاندیدی هەبێت کە بریتین لە شارەوانییەکانی مێرسین و مانیسا. هاوکات لەنێو 51 شارەوانیدا ئاکپارتی و مەهەپە لە 29 شارەوانی پێکەوە بەشداردەبن و لە 22 شارەوانیشدا بە خۆیان بەشدار دەبن.