لە سنووری سلێمانی و گەرمیان دەوامی مامۆستایان دەستپێدەکاتەوە

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، داوا لە مامۆستایان دەکەن رۆژی سێشەممە دەست بە دەوام بکەنەوە.

بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردە کە واژۆی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە، ئاماژە بەوەکرابوو، دوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، پلە بەرزکردنەوە لە چوارچێوەی یاسای بەرکارەکان دەستپێدەکاتەوە، هەروەها مامۆستایانی وانەبێژ دەکرێن بە گرێبەست، دواتر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەکانی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین بە نووسراوی فەرمی داوایان لە مامۆستایان کرد، رۆژی سێشەممە لە پێناو بەردەوامبوونی پڕۆسەی ئەمساڵی خوێندن دەست بە دەوامی فەرمی بکەنەوە.

لەلایەن خۆیەوە، تریفە محەممەد بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵات لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 دووپاتی کردەوە، کە گشتاندنیان بە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بۆ سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن کردووە، بەمەبەستی گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ ناوەندەکان و دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن.

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە پرۆسەی خوێندن و رۆڵی مامۆستایان کرد و رایگەیاند، مامۆستایان مافی خۆیانە لە سەرەتای هەر مانگێکدا مووچەکانیان بۆ دابنین بکرێت و روونیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە لە دواکەوتنی مووچە و مامۆستایانیش تەنیا توێژنین بەڵکو هەموو فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دیکە مووچەکانیان دواکەوتووە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە گرنگی رۆڵ و پێگەی مامۆستایان کرد و گوتی، رێزێکی زۆرمان بۆ ئەرک و زەحمەتییەکانی مامۆستایان هەیە. 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کاری باشی کردووە بۆ دابینکردنی مووچە و چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی.

هەروەها چەندین جاریش یەکێتی مامۆستایانی کوردستان راگەیاندبوو، دواکەوتنی مووچە کاریگەرییەکی خراپی لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە، هەمووان لەسەر ئەو بابەتە ناڕازین، بەڵام بایکۆت و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان چارەسەر نییە، بەڵکو کاریگەری نەرێنی دەبێت، لە کاتێکدا دەرگای قوتابخانە حکومییەکان داخراوە، بەڵام لە قوتابخانە ناحکومییەکان دەوام دەکرێت، کە منداڵی زۆربەی بەرپرسەکان لەو قوتابخانانە دەخوێنن، لانی کەم دەبوایە دەرگای قوتابخانە حکومییەکان بکرابانەوە و کتێب دابەشکرابان، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ قوتابیان لە ماڵەوە بخوێنن.

ر
س
د
ه